مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوە
ماوەی سێ ڕۆژە فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوە دەکەن و ڕێگای سەرەکی سلێمانی-کەرکوکیان داخست.

سلێمانی
ئەمڕۆ سێ ڕۆژە، فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان لەبەردەم کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی گردبوونەوە و ڕێگای سەرەکی سلێمانی-کەرکوکیان داخست، خوێندکارانی زانکۆش لە گردبوونەوەی ئەمڕۆدا بەشدارییان کرد و داوای مافی مامۆستاکانیان کرد.
ماوەی دوو ڕۆژە مامۆستایان و فەرمانبەرانی کامپی کۆنی زانکۆی سلێمانی، فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی سلێمانى چوونە بەردەم بانکی هەرێم، مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان، فەرمانبەرانی شاری هەڵەبجە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی خشتەی بڵاوکراوەی مووچە لەلایەن وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە، دەبوایە پێش جەژنى ڕەمەزان مووچەى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکرایە، بەڵام بەبیانووى نەبوونى پارە لە بانکەکانى سنوورى سلێمانى، مووچەى چەند وەزارەتێک لەگەڵ خانەنشینان دابەشنەکرا.