سێیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ماڵدا کوسا بەرز ڕاگیرا
سێیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ماڵدا کوسا، لە گۆڕستانی شەرجی لەسەر مەزارەکەی بەرز ڕاگیرا.

حەسەکە
مالدا کوسا لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشداری کاری ژنۆلۆژی دەبێت لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەو پێناوەشدا ڕەنج و ماندووبوونی زۆری کێشا، ڕۆژی ٥ی ئایاری ٢٠١٩ لەکاتی چوونی بۆ گوندەکانی حەسەکە بۆ پەروەردەی ژنۆلۆژی و دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ژنانی گونددا، لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هێرش دەکرێتە سەری و تیرۆر دەکرێت.
ناوەندی ژنۆلۆژی کانتۆنی حەسەکە بە مەراسیمێک لەسەر مەزارەکەی لە گۆڕستانی شەرجی سێیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ماڵدا کوسایان کردەوە، هاوکات ئەندام و خەباتکارانی ناوەندی ژنۆلۆژی، کۆنگرەی ستار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە مەراسیمەکەدا بەشداربوون.
دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان، ڕیما عیسا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: "شەهید ماڵدا ڕۆڵێکی گرنگی لە گەشەپێدانی کاری ژنۆلۆژیدا بینی، لە تەمەنێکی بچوکدا بوو کاتێک دەستی کرد بە خەبات، بەڵام خاوەن مێشکێکی فراوان و کەسایەتیەکی بەهێز و وشیاریەکی دەوڵەمەند بوو، بە باوەڕبەخۆبوونەوە لەناو سوپادا مەشقی دەکرد، لە کەسایەتی هەڤاڵ ماڵدادا هەموو شەهیدانی ئازادی بەبیردەهێنینەوە و درێژە بە ڕێبازیان دەدەین."
فاتمە حسێن، ئەندامی دەستەی ژنانی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: بە ڕەنج و بەرخۆدانی شەهیدان دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێنا، ئەمڕۆ بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە دەبێت خاوەندارییان لێبکەین و شایستەی ڕەنجی شەهیدان بین و یەکێتی خۆمان بنیاد بنێین، دەوڵەتانی زلهێز بۆئەوەی زەبر لە دەستکەوتەکانمان بدەن بوونەتە یەک، پێویستە ئێمەش دژی ئەو پیلانگێڕییانە یەکبگرین".
مەراسیمەکە بە وتنەوەی "شەهید نامرن" کۆتایی پێهات.