چالاکوانانی ئێران داوای هەڵوێستی جەماوەری گەل دەکەن

لە بەردەوامی ژەهراویکردنی خوێندکاران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافی ژنان لە زیندان وتی: ناکرێت و نابێت لە درێژەی ژەهراوی کردنی بەربڵاوی خوێندکاران و بەتایبەت کچان بێدەنگ بین.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا کە ژەهراویکردنی خوێندکاران لە قوتابخانەکان بەردەوام لە زیادبووندایە، ژمارەیەکی زۆری خوێندکاران لە نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە و تا ئێستا چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕژێمی ئێران ڕەتیدەکەنەوە.

 

پەیامێکی نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنانی زیندانیکراوی ئێران لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاویکردوەتەوە و تێیدا داوای ناڕەزایەتیی جەماوەری دژی ڕژێمی ئێران و کۆتاییهێنان بەم تاوانانە دەکات.

 

دەقی پەیامەکەی نێرگس محەمەدی بەم شێوەیە:

بە ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری و ئامادەبوونی گەل لە شەقام لە ئێران، تاوانەکانی دژی کچەکانمان دەوەستێنین، نابێت بێدەنگ بین بەرامبەر بە ژەهراویکردنی زنجیرەیی بەربڵاوی خوێندکاران و بە تایبەت کچان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، چونکە ئەم کردەوە نەفرەت لێکراو و نامرۆڤانەیە تەنیا لە ئاستی کردەوەی سەرکوتکەرانەی سیاسیدا نییە و بەڵکو دڕندەیی و پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ کە بەرامبەر کۆمەڵگە ئەنجامدەدرێت.

 

داوا لە هەموو دامودەزگا و گرووپ و بزووتنەوەکانی گەل دەکەم کە لە ڕێگەی نیشاندانی پاڵپشتی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە پشتیوانی لە مافی ژیانی منداڵەکانمان بکەین، هەروەها بە ڕاگەیاندن و ئەنجامدانی ناڕەزایەتیەکی فراوان ڕێگری لە بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی کۆمەڵگە دەکەین.

 

تا ئێستا حکومەت نەک هەر ڕێگری لە بەردەوامی ئەم توندوتیژییە لە دژی منداڵەکانمان نەکردووە، بەڵکو تەنانەت کەسانی تۆمەتباری ئاشکرانەکردووە بۆ ڕای گشتی، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شاهیدی چڕبووەنەوەی زیاتری هەڵوێستی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە بەرامبەر بە خەڵکی ئاسایی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ئاشکرایە کە حکوومەتی پاوانخواز، بەو جۆرە هەڵسوکەوتەوە، پەیامێکی گرنگ بۆ کۆمەڵگەی ئێران و نێودەوڵەتی دەنێرێت.

 

داوا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکە، کە ئەم کارە نامرۆڤانە و ترسناکە پشتگوێ نەخەن و دەستبەجێ لە پێناو ڕێگریکردن لێی هەنگاوبنێن.

 

ڕێگە بە خۆمم دەدەم کە وەبیری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بهێنمەوە کە جیهان تەنیا لە هۆڵێکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە، ناتوانێت مافی ملیۆنان ئێرانی لە ڕژێمی ئێرانی درۆزن و ساختەکار دەستەبەر بکات.