زیاتر لە ١٣ هەزار كەس لە هەرێمی کوردستان بووەنەتە قوربانی مین

لە شارۆچکەی دوكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٣١٣ مین و پاشماوەی جەنگ بەشێوەیەكی كۆنترۆڵكراو تەقێنرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە سلێمانی ٣١٣ مین و پاشماوەی جەنگی پوچەڵکراوەتەوە.

 

جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین ئاماژەی بەوەشکرد، شارۆچکی دوكان وەك ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسبووە، ڕووبەرەکەی بریتییە لە ١٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە، لە ماوەی ڕابردووشدا تیمەکان توانیوویانە ١٠.٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە پاک بکەنەوە و ئێستا تەنها ٥.٥ كیلۆمەتر چوارگۆشە لەم سنورە ماوە پاكبكرێتەوە.

 

لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ٧٧٦ كیلۆمەتر چوارگۆشە بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسبووە، ٥٢١ كیلۆمەتر چوارگۆشەی پاككراوەتەوەو ٢٢٥ كیلۆمەتر چوارگۆشەی ماوە، كۆی گشتی قوربانیانی مینیش لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان ١٣ هەزارو ٦٠٠ كەسە.