بەسرە، ئەو شارەی کە زۆرترین مینی چێندراوی لە سەرانسەری جیهان تێدایە

شاری بەسرە لە عێراق لە سەرتاسەری جیهان لە پلەی یەکەمدا هاتووە وەک ئەو شارەی زۆرترین مینی چێندراوی تێدایە، لە عێراقیش تا ئێستا ژمارەی قوربانیانی مین گەیشتووەتە ٣٠ هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشکرای دەکات، بەسرە لە سەرتاسەری جیهان لە پلەی یەکەمدا هاتووە وەک ئەو شارەی زۆرترین مینی چێندراوی تێدایە.

 

بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراق، شاری بەسرە لە باشووری عێراق نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی پڕ لە مینی چێندراوی هەیە، بەمەش ئەو ناوچانەی کە مینیان تێدا چێنراوە لە عێراق گەیشتووەتە شەش هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، نزیکەی ٪٥٠ ئەو ناوچانەی کە مینی چێنراوی تێدایە پاککراونەتەوە و ئەو ڕووبەرەی کە دەمێنێتەوە دوو هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، تا ئێستاش ژمارەی قوربانیانی مین گەیشتووەتە ٣٠ هەزار کەس.

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دوو ئەندامی عێراقی لە تیمێک کە کاریان بۆ دەزگای چالاکی مین UNMAS ی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بەهۆی ڕووداوێکەوە لە شوێنی پاککردنەوەی مین لە شەتلعەرەب لە نزیک شاری بەسرە کوژران و کەسێکی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بووە.

 

بەهۆی شەڕ و ململانێکانی دەیان ساڵە عێراق بە چەندین ئاستەنگی و دۆخی ناهەموار تێدەپەڕێت، لە ئێستاشدا عێراق بەدەست جۆرەها پیسبوونەوە دەناڵێنێت کە مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی پێکهاتەکانی عێراق دروستکردووە.

 

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، عێراق پیسترین وڵاتی جیهانی بە مینی چێندراوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مینانەی کە داعش دایناوە، بەشێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مینانەی لە شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٠- ١٩٨٨ دانراوە.