بەهۆی خراپی دۆخی ئێران، ژنان ناتوانن ژیانێکی شایستەیان هەبێت

نەبوونی خێزان، بێ ماڵی و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بەشێکن لەو دژوارییانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی ئێران دەبێتەوە.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و ڕەوشی سەختی ئێران و ڕۆژهەڵات، ژنان ڕووبەڕووی چەندین دۆخی دژوار دەبنەوە، لەوانە هەڵوەشاوەیی خێزانەکان، بێ کاری، بێ ماڵی و ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لە دەرەنجامدا توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان زیاد دەکات.

 

یەکێک لەو ژنانە ناوی "نەسیبە"یە و تەمەنی ٣٩ ساڵە، سەختیەکانی ژیان زۆر زووتر پیری بۆ هێنابوو، باسی لە خراپی ڕەوشی ژیانی کرد کە ماوەی ساڵێکە وازی لە ماددەی هۆشبەر هێناوە و لەسەر شەقام ژیاوە.

 

نەسیبە باسی لە ژیانی خۆی کرد و وتی: "هاوسەرگیریم نەکردووە و بە تەنیا دەژیم، دایک و باوکم مردوون و خوشک و براکانم نابینم، لە هەمان شار دەژین بەڵام هەرگیز تەلەفۆنم بۆ ناکەن بزانن لە ژیاندام یان مردووم، بە زۆر دەتوانم گەدەم بە پڕی بهێڵمەوە، کۆکردنەوەی پاشماوەکان تەنانەت ناتوانێت خەرجی یەک کەس دابین ناکات، ئەگەر هیچ هاوکارییەک لەلایەن خەڵکی سەر شەقامەوە نەبێت، یان لە برسێتیدا دەمرین یان بەهۆی سەرما له‌ زستاندا لەناو دەچین.

 

"دەبێت بە هەرزانترین نرخ کاربکەین"

نەسیبە باسی لە کارەکانی کرد و وتی: "پاشماوەی ڕیسایکل کراو کۆدەکەمەوە هەرچەندە بە کەمترین نرخ لێمان دەکڕن، چونکە دەزانن کە ئێمە لە هەر حاڵەتێکدا دەبێت پێیان بفرۆشین، بۆئەوەی بەردەوام بین لە کارەکانمان، پلاستیک، کانزا، دار، شووشە، کارتۆن و کاغەز کۆدەکەینەوە و جیایان دەکەینەوە، ڕۆژانە ١٥ کاتژمێر کار دەکەم و پاشماوەکان دەخەمە ناو کیسەیەکەوە و ئەم بارە قورسە لەگەڵ خۆمدا هەڵدەگرم بەجۆرێک پشتم ڕاست نابێتەوە و خواردنێکی شایستەشمان دەست ناکەوێت کە بیخۆین."

 

نەسیبە سەبارەت بەو ساڵانەی ئالوودەبوونی وتی: " تا ساڵی ڕابردوو تلیاکم بەکاردەهێنا، لە گەڕەکەکەمان "گەڕەکی ئاگاجان" و لە خێزانەکەماندا بەکارهێنانی تلیاک ئاسایی و بەربڵاوە، هەروەها لە ژێر کاریگەری ژینگەکەماندا کاتێک گەورە بووین بەکارمان دەهێنا،  گرانی نرخی مادەی هۆشبەر و نەبوونی پارە ناچاری کردم وازی لێ بێنم و لە ساڵی ڕابردووەوە بەکاری نەهێنم و پاکم، ساڵی پار سێ هەفتە نەمتوانی خواردن بکڕم و چوومە لێواری مردن و هاتمەوە، نزیک بوو لەوەی بمرم بەڵام ڕزگارم بوو و ئێستا پاکم."

 

"لە گەراجی ناسیاوێک دەخەوم"

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە شوێنی خەوتنی مەترسیدار و زیانبەخش کرد و وتی کە لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلێکی داخراو لە تەنیشت دوو ئۆتۆمبێل دەخەوێت، لە کاتێکدا غازی ژەهراوی و ئەگەری مردنی لە هاویندا زۆرە و وتی: " لە دە ساڵی ڕابردوودا هەموو جۆرە شوێنێکم ئەزموون کردووە، کرێچی بووم دەریان کردم چونکە نەمتوانی کرێی خانووەکەم بدەم، زۆر جار لەسەربانی ماڵی خەڵک یان لە ناو کارتۆن لەسەر شەقام دەخەوتم، ژنێکی بێ ماڵبووم."