کاریگەری نائاسایشی خۆراک لەسەر تەندروستی دەروونی ژنانی ڕەشپێست

زۆرجار بژاردەی خۆراکی تەندروست بۆ ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی بەردەست نییە یان بەدەستهێنانی قورسە، ئەمەش ژیانی ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی قورستر کرد

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە، کە بریتییە لە کێشە لە دەستڕاگەیشتن بە خۆراک بە شێوەیەکی گونجاو، نائاسایشی خۆراک کاریگەری قووڵی لەسەر دەرووندروستی ژنانی ڕەشپێست هەیە بەهۆی کاریگەری لەسەر سەلامەتی جەستە وپەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانیان.

 

زۆرجار بژاردەی خۆراکی تەندروست بۆ ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی بەردەست نییە یان بەدەستهێنانی قورسە، ئەمەش ژیانی ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی قورستر کردووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو خۆراکانەی کە پێویستیانە، لە کاتێکدا کەمی خواردنی خۆراکی تەندروست پەیوەندی بە ئەنجامە تەندروستییە دەروونییە نەرێنییەکانەوە هەیە لەنێو ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی.

 

  توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەو کەسانەی لە نا ئاسایشیی خۆراکدا دەژین ئەگەری تووشبوونیان بە خەمۆکی زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە زیاتر دەستیان بە خۆراکە تەندروستەکان دەگات، سەرەڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی کە سەرچاوەی سنوورداریان هەیە، ڕەنگە زیاتر تووشی فشار ببن بەهۆی نەتوانینی بەدەستهێنانی خۆراکی پێویست.

 

بۆ زۆرێک لە ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی کە لە هەژاریدا دەژین بەدەستهێنانی خۆراکی تەندروست بووەتە کۆسپ و ئاستەنگییەک بۆیان کە دەبێت بەرەنگاری ببنەوە بەتایبەتی ئەگەر لە ناوچەیەکدا بن کە هیچ دوکانێکی خواردنی نزیکیان تێدا نەبێت کە بەرهەمی تازە و شتومەکی دیکەی پێویست بۆ خواردنی تەندروست دابین بکات. 

 

ئەمەش کێشە تەندروستییە دەروونییەکانی ئێستا وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی خراپتر دەکات، یان تەنانەت کێشە نوێیەکانی وەک دابڕانی کۆمەڵایەتی لە نەتوانینی کڕینی ژەمەکان لە چێشتخانەکان لەگەڵ هاوڕێیان یان ئەندامانی خێزان بەهۆی سنووردارکردنی داراییەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

ژنە ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە ئەنجامی تێکەڵبوونی ناسنامەی ڕەگەزی خۆیان تووشی ململانێی تایبەت دەبن، ئاستەنگی کۆمەڵایەتی، خواردنی تەندروست و تەندروستی دەروونی سێ بوارن کە ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی دەبێت بەرەنگاری ببنەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی ئەمریکا، نووسینگەی سەرژمێری، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەمریکییە ئەفریقییەکان ٪ ٦.٥ی دانیشتوانی ویلایەتی مینیسوتایان پێکهێناوە، ڕێژەی هەژاری لە نێوان ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە ویلایەتی مینیسوتا زیاترە لە تێکڕای ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٩ کە ڕێژەی ٪ ٢١.٥ بووە بە بەراورد بە ڕێژەی هەژاری گشتی لە ویلایەتەکەدا کە ٪ ٧.٦ بووە.

 

ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە ویلایەتی مینیسوتا زیاتر لە گروپەکانی دیکە بێ بیمەن، لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕێژەی بێ بیمەیی لەنێو ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە ویلایەتی مینیسوتا ٪ ٨.٢ بووە بە بەراورد بە ڕێژەی گشتی لە ویلایەتەکەدا کە ٪ ٤.٤ بووە، ڕێژەی بێکاری لە نێوان ئەمریکییە ئەفریقییەکان لە مینیسوتا زیاترە لە تێکڕای ویلایەتی ٢٠٢٠ کە ٪ ١١.٥ بووە بۆ ئەمریکییە ئەفریقییەکان بە بەراورد بە ڕێژەی گشتی ویلایەتەکان کە ٪ ٧.٣یە.

 

ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی دەتوانن لە پەیوەندی لەگەڵ خوێندنی قوتابخانە، چانسی کار، هەڵبژاردنی خانووبەرە، دەستڕاگەیشتن بە چاوەدێری تەندروستی و توخمەکانی دیکە کە کاریگەرییان لەسەر خۆشگوزەرانی هەیە، ڕووبەڕووی کۆسپ و ئاستەنگییەکان ببنەوە.

 

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاستەنگییانە، ژنانی ئەمریکی ئەفریقایی پێویستیان بە دەستڕاگەیشتن بە تۆڕەکانی پشتیوانی وەک ئەندامانی خێزان یان ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە کە دەتوانن سەرچاوە بۆ ڕاهێنانی کار یان پێشکەوتنی پەروەردەیی دابین بکەن و هەروەها پشتگیری سۆزداری پێشکەش بکەن لە کاتە سەختەکاندا.