رێکخراوەکانی ژنان: نامەنەوێت لە ژێر پاساوێکدا بکوژانی ژنان ئازاد بکرێن

بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و ئازادکردنی بکوژانی ژنان، پاڵپشتیکردنیان لەلایەن دەسەڵاتداران و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان بە مەبەست ڕێکخراوەکانی ژنان هاتنە دەنگ.

سلێمانی

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای شاری سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی ژن کوژان رێکخراوەکانی ژنان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەمەبەستی بە سزاگەیاندنی ژن کوژان ئەنجامدا

لە کۆنگرەکەدا هەریەکە لە نوێنەری رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بەشداربوون و ئاماژەیان بەوەدا کە ڕێگە نادەن لە ژێر هیچ پاساوێکدا بکوژانی ژنان ئازاد بکرێن.

 

کنێر عبدوڵا، دەربارەی هەڵمەتەکە و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە باسی لەوەکرد، بەو ئامنجە هاتوونەتە بەردەم دادگا کە پەیامی خۆیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەران دەکەن بۆ ئەوەی پێیان بڵێن ئەوانیش بێنە پاڵ ڕێکخراوەکانی ژنان، بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت و بکوژانی ژن بە سزاکانی خۆیان بدەن چونکە بوونی یاسای تۆکمە ئاماژەیە بۆ هزر و هۆشیاری تاک لە کۆمەڵگەدا بۆیە جێبەجێکردنی گرنگترە لە هەبوونی.

 

نەک تەنها یاسا بەڵکو کلتوور و کارکردن لەسەر سیستمی پەروەردە و خودی تاک گرنگە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان.

 

هەریەک لە ڕێکخراوەکانی CDO، پەنای کار، ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، پارتی سەوز، نوێنەری کۆنگرە ستار لە باشووری کوردستان و ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی، پێکەوە بە هاوبەشی یەکتر و یەکێتی ژنان داوایان لە پاڵپشتیکردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکرد بۆ ئەوەی حالەتەکان بەرەو کەمبوونەوە بچن و چیتر هیچ لایەن و دەسەڵاتێک نەبێتە لانکەی تاوانباران، بەڵکو تاوانباران بە سزاکانی خۆیان بگەن.

 

سەرجام ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی مەدەنی و ژنان لە چەند خاڵێکدا داواکارییەکانیان کۆکردبووەوە کە بریتیبوو لە :

زوو ئاشکراکردنی شوێنی ڕووداو، وون نەکردنی بەڵگەکان و بەلاڕێدا نەبردنی، ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد لە کەیسەکانی ژن کوشتن، لە کۆتایدا داوا لە داواکاری گشتی دەکەن بێنە سەر خەت چونکە زۆر خێزان هەن لە ژێر فشاردا ناتوانن سکاڵا تۆمار بکەن بۆیە بە هەبوونی داواکاری گشتی ئەو کێشانە کۆتاییان دێت.

 

"یەکگرتووی ڕێکخراوەکانی ژنان گرنگە بۆ سزادانی بکوژانی ژن"

پروشە، فەیسەڵ، کادری یەکێتی ژنانی کوردستان، باسی لەوەکرد کە ئەمڕۆ گردبوونەتەوە بۆ ئەوەی بە هاوڵاتیان و دادگای نیشان بدەن کە دژی ژن کوشتنن، ئامانجیانە ژنکوژان سزابدرێن و چیتر دەسەڵاتداران نەبنە لانکەی خۆحەشاردانیان، بەڵکو پێویستە تاوانباران بە توندترین شێوە سزا بدرێن بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی ژن کوشتن دووبارە نەبێتەوە.

 

وتی "ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ڕێکخراوەکانی ژنان یەکگرتوانە دەنگمان هەڵبڕیوە بۆ وەستاندنەوە بە ڕووی ژنکوژانە، ئامانجمانە بە تاوانباران سزای خۆیان بگەن بۆیە ئومێدەوارین ئەم هەڵوێستانە ئەنجامی هەبێت".