دەوڵەتی تورکیا لە باشور و باکوری کوردستان هێرش دەکاتە سەر گوندەکان

دەوڵەتی تورکیا لە باکوری کوردستان هێرشی کردەسەر دوو گوند و ٦ کەسی دەستبەسەرکرد، لە باشوری کوردستانیش گەمارۆی چوار گوندی داوە و هەڕەشەی لە گوندنشینان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان و هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی کوردستان تا گوندنشینان چاوترسێن بکات و لەشکرکێشییەکانی بەردەوام بکات، بۆیە لە باکور و باشوری کوردستان هێرش دەکاتە سەر گوندنشینان و هەڕەشە دەکات و دەستبەسەریان دەکات،

 

هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ڕۆژنیوز کەوتووە، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک سەربازی سوپای دەوڵەتی داگیركەری توركیا ڕۆشتوونەتە ناو هەریەک لە گوندەکانی خەلیفان، لێلکان، هەڵکێڵا، کونەڵەی سەر بەشارەدێی سیدەکان لە شارۆچکەی سۆرانی سنوری پارێزگای هەولێر لە دەڤەری برادۆست و لەگەڵ خەڵکی گوندکە کۆبوونەتەوە.

سەرچاوەیەکی خۆجێی سنوورەکە بە ڕۆژنیوزی وتووە سەربازەکان ژمارەیان نزیکەی ١٠٠ سەرباز دەبێت و لە ئێستادا لەناو ئەو گوندانە دەسووڕێنەوە و هەڕەشە لە گوندنشینان دەکەن کە نابێت لەو سنوورانەوە مەترسیی لەسەر بارەگاکانی سوپای تورکیا دروستبکەن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە دەوڵەتی توركیا لەناو خاكی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٤٠ بنكەی سەربازیی دروستكردووە.

 

لە باکوری کوردستان هێرشی دەوڵەتی تورکیا

هەر ئەمڕۆ جەندرمەکانی دەوڵەتی تورکیا لە گوندی ئەڤینا و جلینێ لە ناوچەی ستەورێی پارێزگای ماردین لە باکوری کوردستان هێرشیان کردە سەر ماڵان و ٦ کەسیان بە ناوەکانی غوربەت ئەسلان، ئیبراهیم ئەسلان، ئیسات ئاراس، یغیت ئەڤرەنسێل، ڕەجەب توران و شوکران گولەر دەستبەسەرکرد.

 

دەستبەسەرکردنی ئەو ٦ کەسەش بە بیانووی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز بوو لە ناوچەی ستەورێ و گوازرانەوە بۆ فەرمانداری جەندرمەی ناوچەی ستەورێ.
         

ت.پ