لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان: لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ٥٠ ڕۆژنامەنووس کوژراون

لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە ٧ی تشرینی دووەمەوە تا ئێستا ٥٠ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە، ١١ ڕۆژنامەنووس برینداربوون و سێ کەسیش بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان-CPJ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ساڵی ١٩٩٢ەوە کوشندەترین ململانێ بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان، چونکە بەپێی ئەو ئامارانەی ڕێکخراوەکە کۆیکردووەتەوە، لە ٧ی تشرینی یەکەم تا ٢٠ی تشرینی دووەم، ٥٠ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ڕاگەیاندن کوژراون، ١١ ڕۆژنامەنووس برینداربوون و ٣ بێسەروشوێنن، هەروەها ١٨ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و هەڕەشە و هێرشیان کراوەتە سەر.

 

لیژنەی داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان، بە ئاماژەدان بە ناوی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان، لەوانە دوعا شەرەف، ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی و بێژەری ڕادیۆی ئەقسا (میدیای حەماس) کە لەگەڵ کوڕەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی یەرموک لە غەززە کوژرا، سەلمی حەمەدە مەخیمەر، ڕۆژنامەنووسی ئازاد بوو لەگەڵ منداڵەکەی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا لە شاری ڕەفعە لە باشووری کەرتی غەززە کوژرا، سەلام میما، ڕۆژنامەنووسی ئازاد و سەرۆکی لیژنەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کۆڕبەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵەکەی لە کەمپی پەنابەرانی جەبالیا لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ خێزانەکەی کوژرا و دوای سێ ڕۆژ لە هێرشەکە تەرمەکەی لە داروپەردووەکان دەرهێنرا.

 

هەروەها شای ڕێگۆ، سەرنووسەری کەناڵی TMI لە بەشی مۆسیقا و هونەری ڕۆژنامەی زمانی عیبری و ئایلێت ئارنین، پەیامنێر و هاوسەرنووسەری کۆمپانیای پەخشی گشتی ئیسرائیل کە لە کاتی هێرشی حەماس بۆ سەر فێستیڤاڵی مۆسیقای ڕەیم (سوپەرنۆڤا) لە باشووری ئیسرائیل کوژران.

 

سی پی جەی ئاشکراشی کرد کە سەرقاڵی بەڵگەنامەکردنی هێرشە بەردەوامەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و هێرشکردنە سەر فەرمانگەکانی ڕاگەیاندن و ماڵی ڕۆژنامەنوسان و ڕاپۆرتەکان لەسەر دەستگیرکراوەکان و کوشتنی ئەندامانی بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسانن.