فیلمی دیکۆمێنتاریی "دەروازەی خەونەکان" لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین نمایشکرا

فیلمی دۆکیۆمێنتاری "دەروازەی خەونەکان" لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی، کە باس لە ژیانی ژنێکی گەنجی کوردی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان دەکات کە بە دوای بەشێک لە ناسنامەکەیدا چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان، لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین نمایشکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی هەینی ٢٤ شوبات، فیلمی دیکۆمێنتاریی "دەروازەی خەونەکان" لە دەرهێنانی نگین ئەحمەدی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین نمایشکرا، ئەم فیلمە چیرۆکی ژیانی ژنێکی گەنجی کوردە کە بە کامێراکەیەوە دەچێتە لای کچە کوردەکانی کۆبانی بۆ گەڕان لە بەشێک لە ناسنامەکەی.

 

ئەم فیلمە کە زیاتر لە شەش ساڵی خایاندووە بۆ بەرهەمهێنانی، چیرۆکی ژنێکی گەنجی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕێتەوە، کە بە کامێراکەیەوە دەچێتە نێو ژنانی کۆبانی و بەدوای بەشێک لە ناسنامەکەیدا دەگەڕێت، ئەو ژنانەی نەک تەنها بەرامبەر داعش بەڵکو بەرامبەر تەواوی جیهان بەرخۆدانیان کرد.

 

نگین ئەحمەدی کە لە کرماشان لە ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژە کردووە، پێشتر ڕایگەیاندبوو: "ئەمجارە سینەماکار خۆی و کامێراکەی ڕووبەڕووی دونیای دەوروبەری ژنە شەڕڤانان و ئەو بەهایانە دەکەن کە شەڕی بۆ دەکەن.

 

لە پەراوێزی نمایشکردنی فیلمە دیکۆمێنتارییەکەی لە هۆڵی گەورە و قەرەباڵغی "ئورانیا" لە فێستیڤاڵی بەرلین، نگین وتی: "چاوەڕوانی جەماوەرێکی وام نەدەکرد بۆ نمایشکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاری و ئەمەش بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو، کاتێک فیلمێک دروست دەکەیت، بۆ بینەرە و بە دڵنیاییەوە جێگەی سەرنجە کاتێک کاردانەوەیەکی باش لە بینەرەکانەوە دەبینیت.

 

هەروەها نگین لە دانیشتنی پرسیار و وەڵامدا کە دوای نمایشکردنی فیلمە دیکۆمێنتارییەکە لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا بەڕێوەچوو وتی: "کاتێک چوومە ناو ڕۆژئاوای کوردستان، بۆم دەرکەوت کە ژنان چەندە لە پیاوان لە شەڕکردن بەهێزترن، بەڵام جەوهەری ڕووخساری ژن نیعمەت و میهرەبانی و خۆشەویستییە و هەمیشە لە مێشکمدا ژن بە باران بەراورد دەکەم؛ چونکە کاتێک دەست دەکات بە باران هەموو شتێک سەوز و جوان دەکات، بەڵام شەڕ بە شێوەیەکی سروشتی ئەم ڕووخسارەم پیشان نادات و پێم وابوو شەڕ بەم شێوەیە ڕووخسارێکی ژنانە پیشان نادات، لە "ڕۆژئاوا"دا هەم شەڕ و هەم منداڵەکەم لە ناو ژنێکدا بینی، لە نزیکەوە تێبینیم کرد کە جگە لە ژنبوونیان چەندە لە شەڕکردن بەهێزن."

 

هەروەها نگین ئەحمەدی بە جلی کوردییەوە بەشداری فیستیڤاڵەکەی کردبوو و وتی: " ئەم جلە هی شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکە لە ناوچەی هەورامان و یەکێکە لە شوێنە ناوازە و ڕەسەنەکانی کوردستان."