سەدان کەس لە شاری سوەیداوە داوای ئازادی دەکەن

بە هەڵگرتنی لقی زەیتون، سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدای سوریا لە مەیدانی کەرەمە کۆبوونەوە و داوای ئازادی و سووریایەکی یەکگرتوو بەبێ دابەشبوونیان کرد.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- ژنانی سوەیدا بەردەوامن لە داواکانیان و ئاماژەیان بەوەکرد، لە دانانی بەربەستەکان ناترسن و دووپاتیان کردەوە بەردەوام دەبن لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان تا ئەو کاتەی هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەبێت.

 

دوێنێ ٧ی حوزەیران، سەدان کەس لە شاری سوەیدای سووریا، بە هەماهەنگی چالاکوانانی شەهبا و گوندەکانی بە دەستپێشخەریی ئازادی کۆبوونەوە، تابلۆیەکی گەورە کە کۆمپاسی ئازادی بۆ مەیدانەکە لەسەری کێشرابوو نیشان دراو سندوقێکی هەڵبژاردنیش لە دەروازەی هاتنە ژوورەوەی مەیدانەکە داندرابوو.

 

نەجمە حاتوم، یەکێک لە ژنانی بەشداربوو لە چالاکییەکەدا وتی: ئێمە ئەم هەینییەمان ڕێکخست بە دابەشکردنی چەند نوسراوێک کە دەستەواژەی ئازادی لەسەر نووسرابوو و داوای جێبەجێکردنی یاسای ٢٢٥٤مان کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سندوقێکی هەڵبژاردنیان لە دەروازەی گۆڕەپانەکە داناوە و وشەی ئازادییان لەسەر کاغەزەکان نووسیوە وەک مۆدێلێک بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە چۆنە و پەیامێکە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، کە نوێنەرایەتی دیموکراسی و یەکپارچەیی ناکەن.

"نەخۆشی ڕێگریم لێناکات لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان"

ماجیدە زەرعونی وتی: نەخۆشی ڕێگریم لێناکات لە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، خەڵکی وڵاتەکەم بە مەبەستی داوای مافەکانیان هاتوونەتە سەر شەقام، ئامانجیانە ئەو ڕژێمە بڕوخێت کە بە چاندنی ناتەبایی لە نێوانماندا، بژێوی ژیانمانی لێسەندوینەتەوە، جەختیش لەوەدەکەینەوە کە داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێت کە سووریایەکی یەکگرتوو بێتە ئاراوە، لە دانانی بەربەست لەسەرڕێگاکەیان ناترسین، ئێمەی ژنان ئەو جۆش و خرۆشەمان بە پیاوان داوە کە درێژە بە شۆڕش بدەن تا ئەو کاتەی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت.

 

ماجیدە ڕێزی لە هەموو ئەو دایکانە گرت کە هەرچەندە بەدەست بارودۆخێکی سەختی ئابوورییەوە دەناڵێنن، بەڵام بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە کاتی قەیرانی سووریادا بژێوی ژیانیان لەدەستداوە.

"یان مردن یان سەرکەوتن"

سەمیحە مەعاز، ڕوونیکردەوە ئەوان بەردەوام دەبن لە داوای ئازادی و پاشەکشە ناکەن سەرەڕای هەموو هەڕەشەکان و دانانی بەربەستەکان، وتی: یان مردن یان سەرکەوتن، چونکە ئێمە داوای سووریایەکی یەکگرتوو دەکەین، داوای هەڵبژاردنی دادپەروەرانە دەکەین، ئەم هەڵبژاردنانە نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن و ئێمەش ساڵانێک لەمەوبەر بایکۆتمان کردووە.

هند کوش، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە لە گوندی مەرداکەوە، بانگەوازی لە هەموو خەڵک کرد کە نەچنە ئەنجوومەنی هەڵبژاردن کە نوێنەرایەتی خەڵک ناکەن چونکە ماوەیەکی زۆرە دەنگی خەڵک کاری پێناکرێت، وتی: چیتر ڕژێم نوێنەرایەتی ئێمە ناکات، چونکە ئازادی و کەرامەتی گەلی پێشێل کردووە، هەروەها ژنان ڕۆحی هاندانیان بۆ ئەم شۆڕشە ئاشتیخوازانە زیاد کردووە.