سەدان هەزار هاوڵاتی گەڕاونەتەوە غەززە
نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، لە دوای جێبەجێكردنی ئاگربەستەوە زیاتر لە ٥٤٥ هەزار فەڵەستینی لە باشووری غەززەوە بەرەو باكووری غەزە گەڕاونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ٢٠ی كانوونی دووەم ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەزە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، سەدان دیل لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕی پێكرا، لە ئێستادا تاوتوێی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەكە دەکرێت.
ستیفان دوجاریك، وتەبێژی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوڵاتیە فەڵستینیانەی دوای ئاگربەست گەڕاونەتەوە بۆ غەززە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوای شەڕەكانی غەزە زیاتر لە ٣٦ هەزار كەس لە باكوورەوە ڕوویان لە باشووری غەزە كردووە، بەڵام لە دوای جێبەجێكردنی ئاگربەستەوە زیاتر لە ٥٤٥ هەزار فەڵەستینی لە باشووری غەزەوە بەرەو باكووری غەزە گەڕاونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سێ پەناگەی كاتی لە باكووری غەزە (بەیت هانون، بەیت لاهیا و جەبەلیە) دامەزراون، هەریەكەیان نزیكەی پێنج هەزار كەسی لەخۆدەگرێت، هەروەها بە هاتنی هاوكارییە مرۆییەكان نرخی خۆراك دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
باسی لەوەشكرد، ئێستا نزیكەی یەك لەسەر سێی خێزانەكان باشتر دەستیان بە خۆراك دەگات، بەڵام هێشتا بەكارهێنانی زۆر كەمترە لە ئاستەكانی پێشوو، بە لەبەرچاوگرتنی كەمی پارەی نەختینەیی، كە ئەمە هێشتا وەك ئاڵنگارییەكی سەرەكی بۆ خێزانەكان دەمێنێتەوە.