پێویستی پەروەردەی سێکسی منداڵان لە لەدایک بوونەوە

ئاسو سەعیدی پسپۆڕی دەروونناسی پەروەردەیی دەڵێت: "پەروەردەی سێکسی بابەتێکی هاوبەشە، تەنها دایک و باوک، بەڵکو  دامەزراوە جۆراوجۆرەکان و قوتابخانەش ڕۆڵی تێدا ببینن."

مژدە کرماشانی

 

ناوەندی هەواڵ- پەروەردەی سێکسی منداڵان یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە دەبێت لە خێزان و کۆمەڵگەدا چارەسەر بکرێت، چونکە لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیادا جیهانی منداڵان بەر مەترسی هەموو جۆرە پەیام و ڕیکلام و خراپ بەکارهێنانێک دەکەوێت و لەگەڵ شەپۆلێکی هۆشیاری سێکسی ڕووبەڕوو دەبنەوە.

 

پاڵپشتی خێزانەکان و دامەزراوە جیاوازەکان لەم بابەتە گرنگەدا کاریگەری کەمکردنەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی دەبێت و منداڵان بە ڕاستییەکان ئاشنا دەکات، بۆ ئەوەی منداڵ لە تەمەنی هەرزەکاریدا بە لاڕێدا نەچێت، لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆیەکمان لەگەڵ ئاسو سەعیدی پسپۆڕی دەروونناسی پەروەردەیی کرد.

 

"پەروەردەی دروست سەبارەت بە تەندروستی سێکسی ئەنجامێکی سوودبەخشی دەبێت"

ئاسو سەعیدی بە ئاماژەدان بە لایەنە جیاوازەکانی پەروەردەی فیکری، ڕەوشتی، و کۆمەڵایەتی و جەستەیی جەختی لە پەروەردەی سێکسی کردەوە و وتی: " پەروەردەی سێکسی بە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پەروەردەیی پێناسە دەکرێت، بریتین لە گرنگیدان بە جێبەجێکردنی بنەما و شێوازە دروستەکان، پەرەپێدانی غەریزەی سێکسی بەرەو گەشەکردنی کەسایەتی سێکسی منداڵ بۆ ئەوەی لە ساڵانی دواتردا بە لاڕێدا نەچێت، ئەگەر منداڵ لە خێزاندا بە باشی پەروەردە نەکرێت کێشە بۆ ئەندامانی خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات، پێویستە منداڵان فێری کارامەیی بکرێن بۆ ئەوەی بڕیاری دروست سەبارەت بە ئارەزووی سێکسی خۆی بدات و بارودۆخە مەترسیدارەکان بناسێتەوە، تا لە ئەگەری دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بتوانێت خۆی ڕزگار بکات."

 

بە ئاماژەدان بە گرنگی پەروەردەی سێکسی و کاریگەرییەکانی وتی: " پەروەردەی دروست سەبارەت بە تەندروستی سێکسی ئەنجامێکی بە سودی بۆ تاکەکان دەبێت، وەک زیادکردنی متمانە بەخۆبوون، ڕازیبوون لە ژیان، ڕێزگرتن لە خود و کەسانی دیکە، گەشەکردنی تەندروست، گەشەکردنی سێکسی و لە هەمووی گرنگتر بەدەستهێنانی ناسنامەیەکی تەندروست، پشتگوێخستنی پەروەردەی سێکسی لەلایەن دایک و باوکانەوە زەمینە بۆ چەندین ئاڵۆزی و کێشە دروست دەکات، کە تەندروستی سێکسی دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی زوو باڵغبوون لە منداڵان."

 

ئاسو سەعیدی لەدرێژەی قسەکانی باسی لەوەکرد: " پێویستی سێکسی یەکێکە لە پێداویستییەکانی داهاتووی منداڵ، زۆر گرنگە دایک و باوک لە کاتی منداڵیدا گرنگی بەم غەریزەیە بدەن، پەروەردەی سێکسی پرۆسەیەکە لە لەدایکبوونەوە تا مردن بەردەوام دەبێت، پەروەردەی سێکسی قۆناغی جیاوازی هەیە، ئەمەش لە هەڵبژاردنی هاوسەر لە قۆناغی یەکەمەوە دەست پێدەکات، لە قۆناغی دووەمیشدا منداڵان لەوە تێدەگەن کە مانای ئەوەیە دایک و باوکیان ئاگاداری ڕەفتارەکانیان بن، قۆناغی سێیەم، لە تەمەنی شەش مانگەوە بۆ ٣ ساڵ کە دەست دەکات بە دۆزینەوەی ئەندامەکانی جەستەی خۆی و ناسینی ئەندامەکانی جەستە، لە مانگەکانی یەکەمدا دەستەکان پێ و لووت و چاو و گوێ دەدۆزنەوە تا ئەم گەڕانە دەگاتە ئەندامە سێکسییەکانیان، جیاوازی دۆزینەوەی ئەندامی سێکسی و ئەندامە ئاساییەکانی ئەوەیە کە ڕەنگە ئەمە چێژی لەگەڵدا بێت و لە ڕاستیدا منداڵەکە نازانێت ئەم چێژە چییە و تەنها بۆی خۆشە، ئەم هەستە لە نائاگایی هەمووماندایە بۆ ئەوەی چێژ لە یاریکردن بە ئەندامە سێکسییەکان وەربگرین، پێویستە ڕێگە بدەین منداڵ وەک بەشەکانی تری جەستەی ئەندامە سێکسییەکانی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام نابێت ببێتە خوو، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیدا، پێویستە لە ڕێگەی یاری یان کات بەسەربردنەوە سەرقاڵ بکرێن."

 

"پێویستە منداڵ فێری هەست و سۆز بکرێت"

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دەستکاریکردنی زۆری ئەندامە سێکسییەکانی مرۆڤ لەوانەیە ببێتە هۆی چالاکبوونی کۆئەندامی زاوزێ و زوو باڵغبوون، ئەمەش هەزاران دەرئەنجامی نەرێنی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و دەروونی هەیە، حەزی زانینی منداڵ لە تەمەنی ٣ ساڵیەوە دەست پێدەکات و نابێت بە کاردانەوەی توند مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت چونکە منداڵ لەم تەمەنەدا لە هیچ تێناگات، بۆیە پێویستە دایک و باوک ڕۆڵی جەستە لەگەڵ چوارچێوەی تەمەنیان بۆ ڕوون بکەنەوە، خێزانەکان دەتوانن لە ڕێگەی وێنە، کتێب، پۆستەر یان بووکەڵەوە ئەندامەکانی جەستە بە منداڵان بناسێنن، فێریان بکەن کە کەس نابێت بیبینێت یان دەست لە ئەندامەکانی جەستەیان بدات، بۆ ئەمەش پێویستە منداڵان فێری هەست و سۆز بکرێن، چونکە ئەگەر هەستەکانی خۆیان بزانن، دەتوانن هاوار بکەن کاتێک تووشی ئازاری سێکسی دەبن."

 

" پەیوەندی نێوان منداڵ و دایک و باوک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە "

ئاماژی بە پەیوەندی منداڵان لەگەڵ دایک و باوکان کرد و وتی: " هەنگاوی داهاتوو لە پەروەردەی سێکسی بریتییە لە ئاشناکردنی منداڵ بە نهێنی باش و خراپ، هەروەها منداڵان تێبگەن چی لەگەڵ دایک و باوکیاندا بەش بکەن، هەروەها دایک و باوک گوێگرێکی باش بن بۆ منداڵان، لە ڕاستیدا ڕەگی زۆرێک لە لادان و کێشە سێکسیەکانی منداڵان زانیاری هەڵەیە کە دەدرێت بە منداڵ، پێویستە دایک و باوک بەپێی تەمەن و ئاستی تێگەیشتنی منداڵەکە ئاگاداریان بکەنەوە، وشەی سادە بەکاربهێنن کە منداڵەکە بتوانێت لێی تێبگات، خێزانەکان پێویستە هاوڕێی منداڵەکانیان و هەروەها دایک و باوکیان بناسن و بزانن منداڵەکەیان لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە یاری لەگەڵ کێ دەکات."

 

وتیشی: " منداڵان لە تەمەنی ٣ بۆ ٥ ساڵ تا ڕادەیەک دۆزینەوەکانیان تەواو کردووە و دەیانەوێت جیهانی دەوروبەریان بناسن، دەیەوێت لە هەموو شتێک تێبگات و دەست دەکات بە پرسیارکردن لەسەر بابەتگەلی جیاواز، پێویستە وەڵامی پرسیارەکانیان بە زمانی خۆیان بدرێتەوە، لەم تەمەنەدا هەستیاری بەرامبەر بە ئەندامی سێکسی هاوڕێکانیان نیشان دەدەن و دەیانەوێت لە جیاوازی ئەندامی سێکسی خۆیان تێبگەن، لێرەدا بەپێی تەمەنی منداڵەکە دەبێت بۆی ڕوون بکەینەوە، ئەگینا بەدوای وەڵامی پرسیارەکەیاندا دەگەڕێن و لە سەرچاوەی ترەوە زانیاری وەردەگرن، قۆناغی داهاتوو تەمەنی ٦ بۆ ٩ ساڵە، کاتێک منداڵ دەگاتە تەمەنی خوێندن، هەستیارییان سەبارەت بە ڕەگەزەکەیان لەوەوە دەست پێدەکات کە کوڕان هەستی سەربەخۆیی بە کوڕ بوون و کچانیش هەستی سەربەخۆیی بە کچ بوون نیشان دەدەن."

 

ئاسو سەعیدی باسی لەوەشکرد: " سێ قۆناغی سێکسیستی هەیە، قۆناغی یەکەم بریتییە لە ناساندنی خۆت وەک کوڕ یان کچ، دووەم قبوڵکردنی خۆت و ڕەگەزەکەت، سێیەمیش شانازیکردنە بە ڕەگەزەکەتەوە، قۆناغی دواتر منداڵانی تەمەن ٩ بۆ ١٣ ساڵن، لەو ماوەیەدا زۆرێک لە کچان گەیشتوونەتە تەمەنی باڵغبوون وە کوڕەکانیش لە لێواری باڵغبووندان، ئەم باڵغبوونە، ئەو هەستیارییەی کە لە تەمەنی ٦ ساڵیدا بەرامبەر بە ڕەگەزی خۆیان هەیانبوو، لێرە دیسانەوە چڕتر دەبێتەوە، بە تایبەتی کچان ئەو ڕەفتارانە نیشان دەدەن کە جیاوازە لە خۆیان و بەهای هەستی سۆزداریی خۆیان دەدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی زانیاری پێشوەختە کە دایک و باوکیان پێیان نەداوە، کچان ناتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان هەستی سێکسی و سۆزداری، هەر بۆیە تووشی لاوازی دەبن، بەزۆری منداڵان لەم ماوەی تەمەنەدا بەهۆی نیشانەکانی تەمەنی باڵغبوونەوە تووشی دڵەڕاوکێی داهاتوو دەبن."

 

ئاسو سەعیدی ئاماژەی بە ڕۆڵی دامەزراوەکانی دیکە لە پەروەردەی سێکسی منداڵان کرد و وتی: " پەروەردەی سێکسی بابەتێکی هاوبەشە کە تەنها دایک و باوک بەرپرسیار نین لەم پرسە گرنگە، دامودەزگا جیاوازەکانی وەک میدیا و قوتابخانە پێویستە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، ئەگەر دایک و باوک بەهۆی کەمی زانیارییەوە نەیانتوانی ڕۆڵی خۆیان لە پەروەردەکردنی منداڵدا بەجێبهێنن، قوتابخانە دەبێت قەرەبووی بکاتەوە."