لە وڵاتانی هەژارنشیین لە ٪٩٠ ژنان دەستڕاگەیشتنیان بۆ ئینتەرنێت نیە

لە ڕاپۆرتێکی یونیسێف ئاستەنگی و کۆسپەکان لەبارەی جیاوازیی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە نێوان ژنان و پیاوان لە وڵاتانی کەمداهاتدا دەخرێتەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکی یونیسێف کە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆی ١٠ ژنی گەنجی وڵاتانی هەژارنشینی جیهان، نۆیان دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات، هەروەها جیاوازییە بەرفراوانەکانی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت مەترسییەکی جددی دروست دەکات بۆ ژنان و وایان لێدەکات لە ڕووی ئابوورییەوە لە ئاستێکی نزم بمێننەوە لە جیهانێکدا کە تادێت پەیوەندی دیجیتاڵی زیاتر بەهێز دەبێت و کار لەسەر ژیانی تاکەکان دەکات.

 

بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، لێکۆڵینەوەی لە بەکارهێنانی داتاکان کردووە لە ٥٤ وڵاتدا کە زۆربەیان کەم داهاتن و بە وڵاتانی هەژارنشیین دادەنرێن، نزیکەی ٪ ٧٨ی گەنجان لە وڵاتە هەژارەکاندا لە دەرەوەی هێڵە دیجیتاڵییەکانن، ائەمەش دەکاتە نزیکەی ٦٥ ملیۆن ژنی گەنج کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدایە و دەستیان بە ئینتەرنێت ناگات لە بەرامبەر نزیکەی ٥٧ ملیۆن هاوتەمەنە کوڕەکانیان، هەروەها کار بۆ پێشخستنی ژنانی گەنج ناکرێت بەڵکو لە دەرەوەی کارامەیی دیجیتاڵی دەمێننەوە.

 

لە نێوان ٥٤ وڵات و خاک کە لە ڕاپۆرتەکەدا شیکراونەتەوە، تەنیا هەشت وڵات یەکسانی جێندەرییان لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە نێوان گەنجان بەدەستهێناوە، لە نێوان ناوچەکاندا گەورەترین جیاوازی لە باشووری ئاسیا بەدی دەکرێت، کە بە ڕێژەی ٢٧ خاڵ لە بەرژەوەندی کوڕان و گەنجانی هەرزەکاردایە.

 

بەڕێوەبەری پەروەردەی یونیسێف ئاماژەی بەوەشکردووە، "داخستنی دابەشبوونی دیجیتاڵی نێوان کچان و کوڕان زیاترە لە تەنها دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا، پەیوەندی بە بەهێزکردنی ژنانی گەنجەوە هەیە بۆ ئەوەی ببنە داهێنەر و سەرکردە."

ڕووبەڕووبونەوەی کەلێنە جێندەرییەکان لە بازاڕی کاردا، بەتایبەتی لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و بیرکاریدا، بە یارمەتیدانی گەنجان، بەتایبەتی کچان دەبێت بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی دیجیتاڵی.

 

لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ٤١ وڵات ئەنجامدراوە، یونیسێف بۆی دەرکەوتووە کە لە ناو ماڵەکان و خێزانەکان ئەگەری زۆر زیاترە مۆبایل بۆ کوڕان دابین بکەن وەک لە کچان، یونیسێف ڕایگەیاندووە، ژنانی گەنج بە ڕێژەی ٪ ١٣ کەمتر ئەگەری ئەوەیان هەیە ببنە خاوەنی مۆبایل، ئەمەش توانای بەشداریکردنیان لە جیهانی دیجیتاڵیدا سنووردار دەکات.