ساڵی ڕابردوو ١٧٠ ژن لە کینیا کوژراون
پاتریشیا ئەنداگۆ، لێکۆڵەری سەرەکی پڕۆژەی بێدەنگکردنی ژنان، دووپاتیکردەوە کە ساڵی ٢٠٢٤ کوشندەترین ساڵ بووە بۆ ژنانی کینیا، ١٧٠ تاوانی کوشتن دژی ژنان لەو وڵاتە ئەنجامدراوە.
ناوەندی هەواڵ
کینیا ڕووبەڕووی زیادبوونی نیگەرانکەری کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان بووەتەوە، تاوانەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پەرەیان سەندووە، سەرەڕای پەرەسەندنی بانگەوازەکانی کۆمەڵگەکانی ناوچە جیاوازەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و ڕێگریکردن لە کردەوەی تۆقاندن دژی ژنان.
پڕۆژەی بێدەنگکردنی ژنان ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی ئەو ژنانەی لە کینیا لە ساڵی ڕابردوودا کوژراون گەیشتووەتە ١٧٠ژن، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٩٥ ژن بووە، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە نزیکەی دوو هێندە زیاترە لەو ژمارەیەی لە ساڵی پێشووتردا تۆمارکراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نایرۆبی پایتەختی کینیا زۆرترین تاوانی تۆمارکردووە، کە ٢٨ تاوانی دژ بە ژنان ئەنجامدراوە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە توندوتیژی خێزانی زۆرترین ڕێژەی تاوانەکانی بەرامبەریان پێکدەهێنێت، بەو پێیەی ٧٠٪ی ئەو تاوانانە لەلایەن هاوبەشی قوربانییەکانەوە ئەنجامدراوە، و ٦١٪ی ئەم تاوانانە لە ماڵ و شوێنە تایبەتەکاندا ڕوویانداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، ژنانی گرووپی تەمەنی نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ نیوەی زیانبەرکەوتووان پێکدەهێنن، لەکاتێکدا پیاوانی هەمان گروپی تەمەن ٦٦٪ی ئەنجامدەرانی تاوانەکان پێکدەهێنن، هەروەها ڕووداوە توندوتیژەکان توندوتیژی و دڕندەتر بوون، لەگەڵ ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی بە ڕێژەی ٧٪ زیاد دەکات، بەردەوامبوونی ئەم تاوانانە مەترسی لەسەر سەقامگیری خێزانەکان و کۆمەڵگە لە کینیا دروست دەکات.
توێژەری سەرەکی پڕۆژەکە، پاتریشیا ئەنداگۆ، ساڵی ٢٠٢٤ی بە کوشندەترین ساڵ بۆ ژنانی کینیا پێناسە کردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا ٩٣٠ کوشتنی ژنان لە کینیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەڵگە کردووە.
گروپەکانی مافی مرۆڤ داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکەن بۆ باشترکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە و توندکردنەوەی سزاکان بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی دژی ژنان.