بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دۆخی ژنانی سەمسور قورس دەکات

گەرمبوونی کەشوهەوا و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە کێشەی هاوڵاتیانی سەمسور زیاتر دەکات، کە ٥ مانگ پێش ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەوە ناوچەکەیان وێرانبوو.

مەدینە مامەدئۆغلۆ

 

سەمسور- لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ٦ شوبات سەمسور زیانێکی زۆری بەرکەوت، سەرەڕای ئەوەی ٥ مانگ تێپەڕیووە، هێشتا پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دابین نەکراوە.

 

ئەو هاووڵاتیانەی بەهۆی گەرما ناتوانن لە چادردا بمێننەوە، بەدوای شوێنێکدا بگەڕێن کە سێبەری دارەکانی تێدابێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژدا فێنک ببنەوە، چونکە ئاوی سەرەکیش پیسە ئاوی خواردنەوەی دەست ناکەوێت، لەبەر ئەوەی بۆرییەکانی ئاوی سەرەکی دەتقن ئاوەکە پیس دەبێت و ناتوانرێت بخورێتەوە، دانیشتووان پێویستی ئاوی خواردنەوەیان بە بتڵی ئاوی ١٠ لیتری دابین دەکەن، لەو گوندانەی ئاوی خواردنەوەیان دابەش ناکرێت، هاوڵاتیان ناچارن ئاوی بیرەکان بەکاربهێنن، بەهۆی کەمی ئاوی خواردنەوە، بەشێکی زۆر لەو هاووڵاتیانەی ئاوی شلەتێن دەخۆنەوە، تووشی سکچوون و ئازاری گەدەش دەبن.

 

ئاوی سەرەکی دەبێتە هۆی نەخۆشی

دوای بوومەلەرزەکە دوای ٥ مانگ کارەکانی شوێنی ئاوەکە دەستی پێکرد، شارەوانی سەمسور لە هەژماری دیجیتاڵی میدیای خۆیدا ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە دروستکردنی بۆری سەرەکی، خەڵکی سەمسور تا ئێستاش ناچارن سەرچاوەی ئاوی سەرەکی پیس بەکاربهێنن.

 

ئەو ژنانەی قوربانی بوومەلەرزەکە بوون، کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا کرد لەسەر ئەو بابەتە، ڕایانگەیاندووە کە قاپەکانیان بە ئاوی بیر یان تانکی دەشۆن، کاتێک ئاوی خواردنەوەیان نییە، ناچارن ئاوی سەرەکی بەکاربهێنن.

 

نایلە ئولوجا ڕایگەیاند کە کاتێک دەچێتە شوێنەکان بۆ خواردنەوە ئاوی بەسەردا دابەش دەکرێت، چونکە بەساڵاچووە ناتوانێت لە ڕیزدا بوەستێت، ناچارە ئاوی سەرەکی بەکاربهێنێت و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئاوەکەمان پیسە بەڵام دەبێت بەکاری بهێنین، بۆ خواردن و بۆ خواردنەوە بەکاری دەهێنین، چونکە ئێمە ئاوی شلەتێن دەخۆینەوە، هەموو منداڵەکانمان تووشی سکچوون بوون، تەنها من نیم، سەدان کەس هەن وەک من بوونەتە قوربانی، من دەترسم، بەڵام ترسەکەم هیچ سوودێکی نییە، تینووم و دەبێت ئاو بخۆمەوە و پێویستە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت چونکە لەم گەرمایەدا دۆخەکە خراپتر بووە."

 

" ئێمە ئاوی بیرەکە بەکاردەهێنین "

فاتمە جەنگیز، کە لە گوندی شکلەر، لە سەنتەری شارەکە نیشتەجێیە، دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئاویان لە گوندەکەیان نییە، ئاوی بیرەکان بەکاردەهێنن و وتی: "ئێمە ئاومان نییە، ماڵەکەمان لە بوومەلەرزەکەدا وێران بووە، ئەوانیش مزگەوتیان نییە، دوو بوتڵی ئاوی ٥ لیتری کە ئاو دابەش دەکەن بەشی ئێمە ناکات، ئایا پێویستە ئەم ئاوە بۆ خواردن یان بۆ خواردنەوە بەکاربهێنم؟ لەبەرئەوەی بەشی ئەوە ناکات دەبێت بچینە بازاڕ بۆ کڕینی ئاو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە لە گوندەکەدا دەژین، هەموو کەسێک ناتوانێت بچێتە ناوەندی شار و ئاو بکڕێت، لە گوندەکەمان ئاوی بیر هەیە بەڵام پیسە کاتێک سەرمانی پێدەشۆین بۆنی قوڕمان لێدێت، جگە لەمەش پرسیاری زۆرمان هەیە، نە شارەوانی و نە کەس لە بارودۆخی ئێمە ناپرسن، پێمان ناڵێن دۆخی ئەم ئاوە چارەسەر بکەن، لە دوای بوومەلەرزەکەوە زۆر تێکچووین، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زۆر خراپ بووین، چونکە ئێمە ناچارین ئاوی بیرەکان بەکاربهێنین."