ساڵێک بەسەر دەرچواندنی یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی تێپەڕی

پاش ساڵێک لە دەرچواندنی یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی هیچ کارێک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نەکراوە، هاوکات ژنانی ئێزدیش دەڵین یاساکان تەنها نوسراوی سەر کاغەزن و کرداریان نییە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە یەکی ئاداری ٢٠٢١دا لە پەرلەمانی عێراقەوە یاسای ژنانی ڕزگاربوونی ئێزدی بە ئامادەبوونی ١٨٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند کرا، پڕۆژەکە لە مانگی ١٢ ساڵی ٢٠٢٠وە لەلایەن لیژنەکانی مافی مرۆڤ، یاسایی، ژنان و شەهیدانی زیندانیانی سیاسییەوە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە، لە ١٣ ماددە پێکهاتووە.

 

یاساکە هەر ژنێکی عێراقی، ئێزدی، مەسیحی، تورکومان و شەبەک، کە لەلایەن داعش یاخود هەر گروپێکی تیرۆرستی تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسی، بەکۆیلە کردن، بەزۆر گۆڕینی ئاین، هاوسەرگیری بەزۆر، دووگیانکردن و لەباربردن، توندوتیژی دەروونی و جەستەیی و لەپاش ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەرامبەر ئەنجامدرابێت، دەگرێتەوە.

 

ئامانج لەم یاسایە، قەرەبووكردنەوەی ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشە، قەرەبووی ماددی لە ڕێی پێدانی بڕێک پارەی مانگانە بە ژنانی ئێزدی و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پزیشكی، قەرەبووی مەعنەویش لە ڕێی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ ئەو ژنانەی کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، تا بتوانن لەو بنکەیەدا چارەسەری دەروونی و تەندروستی وەربگرن و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگاکانیان.

 

حکومەت ناتوانێت ئەو یاسایە جێبەجێبکات

هەرچەندە دەرچوواندنی ئەم یاسایە لە کاتی خۆیدا بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لێکرا، ئەگەر جێبەجێبکرێت ئەوا ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش دەتوانن سوودی لێوەربگرن، بەڵام وەک فەریدە سەعدۆ ئاماژەی پێدەکات، ئەو یاسایە تەنها بۆ سەر کاغەزە.

 

فەریدە شەنگالی، بەرپرسی کۆمەڵەی پشتیوانی ژنانی ئێزدی لە شەنگال، تایبەت بە نوژنها ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، یاساکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەرچوێندراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە، "ئەو یاسایەی پەسەندکراوە تا ئێستا هیچ کردارێکی نەبووە، تەنها قسەیە، ئەو پاڵپشتیەش کە کراوە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بووە، حکومەتی عێراقی هیچی نەکردووە".

 

ئەوەش ڕووندەکاتەوە، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا کاندیدەکان دەچوونە شەنگال و بانگەشەی جێبەجێکردنی یاساکەیان کردووە، بەڵام وەک هەمیشە هیچ دەرئەنجامێک نەبووە، حکومەتی ئێستای عێراقیش لەبەر ئەوەی حکومەتێکی کاربەڕێکەرە ناتوانێت ئەو یاسایە جێبەجێبکات.

 

ژنانی ئێزدی

شەنگال شارۆچکەیەکە زۆرینەی دانیشتوانەکانی ئێزدین، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا چەتەکانی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، لە ئەنجامدا نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس کوژران، لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ کەسیان لە چیای شەنگال لە برسی و تینوێتیدا گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ کەس بەدیل گیران.

 

نزیکەی سێ هەزار ژنی ئێزدی هەیە کە هێشتا ڕزگارنەکراون، چەندین تاوانیان وەک فرۆشتن و دەستدرێژی بەرامبەر ئەنجامدراوە، بەسێکیشیان لە دەرئەنجامی ئەو دەستدرێژییەوە منداڵیان بووە.

 

دەرچواندنی ئەم یاسایە ئەگەرچی دەکرێت وەک چارەسەرییەک بۆ ژنانی ڕزگاربوو سەیربکرێت، بەڵام جێبەجێنەکردنی یاساکە دەریدەخات کە وەک بەشێکی دیکەی یاساکانی عێراق بۆ سەر کاغەزە، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو یاسایە چەندین کەموکورتی تێدایە، لەوانە یەکلاینەکردنەوەی پرسی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژی چەتەکانی داعش بۆ سەر ژنان لەدایکبوون، ئەم پرسە بە ئێستاش وەک خۆی بێ چارەسەر ماوەتەوە، پێویستی بە چارەسەری هەنووکەی هەیە.

 

ت.پ