ژنانی حەسەکە: شۆڕشەکەمان لە پلانی پیس دەپارێزین

ژنانی حەسەکە بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ بەرگری لە گەڕەکەکانیان دەکەن و دەڵێن: ئێمە لە هیچ شتێک ناترسین، شۆڕشەکەمان لە پلانی گڵاو دەپارێزین".

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای خۆپاراستنی ڕەوای گەلی کورد، لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر کانتۆنی شەهبا-عەفرین و ژنانی شاری حەسەکە، لەسەر بانگەوازی کۆبوونەوە و ڕژانە سەر شەقامەکان و بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕانە بەرگریان لە گەڕەکەکانیان کرد.

 

"خۆمان و شۆڕشەکەمان دەپارێزین"

نەسرین سلێمان یەکێکە لە ژنانی گەڕەکی موفتی لە شاری حەسەکە ئاماژەی بەوەدا کە پاراستن ئەرکی ژنانە لەم پڕۆسە هەستیارەدا و وتی: ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەژێر هێرشدان. لە شەهبا، حەلەب و شێخ مەقسود، هێزی بەرگریمان دامەزراند و گەل بەرخۆدانێکی مێژوویی بەڕێوە دەبەن. ئێمە ناتوانین لەم پرۆسە هەستیارەدا بە ئاسوودەیی بژین. پێویستە لەو قورساییەدا بین و بەرامبەر ئەرکە ویژدانییەکانمان بوەستینەوە. بەو پێیەی هەموو دەوروبەرمان شەڕە، ئەرکی سەرەکیمان پاراستنە. شۆڕشی ڕۆژاڤا بە تێکۆشان و خۆڕاگری ژنان دەستکەوتی پیرۆزی بەدەستهێنا، ئێستا کاتی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەیە، بۆیە ئەمڕۆ ژنانی حەسەکە پاراستنی شۆڕش بە ئەرکی ویژدانی دەزانن.

 

"بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ وەڵامی ئەم پرۆسەیە دەدەینەوە"

نەسرین سلێمان وتیشی: ئەمڕۆ هەموو ئەو پیلانانە دەزانین کە لە دژی ئێمە ئەنجام دەدرێن. ئێستا هەموو شتێک ڕوونە، هەر بۆیە چاوەڕێی ئەوە ناکەین هیچ دەوڵەتێک ڕزگارمان بکات یان بمانپارێزێت. چونکە دۆخی سووریا بەم ئاستە گەیشتووە، ئەوە پلان و سیاسەتی دەوڵەتانە. ئێمە باوەڕمان بە هێز و ئیرادەی خۆمان هەیە. وەک چۆن کۆبانێ و حەلەب و زۆرێک لە شارەکانمان ڕزگار کرد و بنیادیان دەنێینەوە، جارێکی تر دەتوانین بە ڕۆحی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی وەڵامی ئەم پرۆسەیەش بدەینەوە.

 

"کورد لە هەر شوێنێک بێت دەبێت خاوەن هەڵوێست بێت"

دایکێک بەناوی هەدیە محەمەد داوای خۆپاراستنی جەوهەری دەکات و دەڵێت: بۆ ئەوەی بتوانین وەڵام بدەینەوە، دەبێت هەمووان جدی بن لە بەشداربوون لە سەفەربەریدا، چونکە ئەمڕۆ شەڕێکی پیس لە دژی بوون و ڕێکخستن و فەلسەفەی ئێمە بەڕێوەدەچێت، دەوڵەتەکان هەموویان یەکگرتوون دژی دۆزی ئێمە و پیلان لە دژی ئێمە دادەڕێژن. بۆ ئەوەی بتوانین وەڵام بدەینەوە، پێویستە هەمووان ماڵ و گەڕەک و شار و وڵاتی خۆیان بپارێزن. کورد لە هەر کوێیەک بژی، با بوەستێتەوە و یەک بگرێت. ژنانی شاری حەسەکە بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ چەتەکانی داعشیان تێکشکاند و ئەمڕۆش بەو ڕۆحە بەرگری لە خۆمان و شۆڕشەکەمان دەکەین. ئێمە ئامادەین بۆ هەر شتێک کە لێمان دەخوازرێت وەک دایک، پارچەیەک لە ڕۆحمان بەخشیوە تا گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە و بەردەوامیشین.