ئورومیە، لەسێدارەدانی ٧ زیندانی کە ژنێکیان تێدایە

سزای لەسێدارەدانی ٧ زیندانی لە ئورومیە بە بیانووی سیاسی یان مادەی هۆشبەر جێبەجێ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ، ٦ زیندانی بە ناوی عەباسنەژاد، سەلیم ئەیوبیان، جیهانبەخش ڕادلویی، یاسین ڕەشیدی، و حەسەن عومەری بە بیانووی مادەی هۆشبەر لە زیندانی ئورومیە لە سێدارە دران.

 

هەروەها ژنە زیندانییەک بە ناسنامەی نەسیم نیازی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارە دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە بڵاو نەکراوەتەوە.

 

هەروەها محێدین ئیبراهیمی زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ناوەندیی ئورومیە لە سێدارە دراوە، پێشتر هەندێک لە میدیاکان ڕایانگەیاندبوو کە سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ نەکراوە.

 

پێویستە بوترێت شەوی ڕابردوو بنەماڵەی ئەو زیندانیانەی کە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان گواسرانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی لە بەردەم زیندانی ئورومیە کۆبوونەوە.

 

هەروەها بنەماڵەی محێدین ئیبراهیمی کە بۆ دوا دیدار بانگهێشتی زیندان کرابوون، لە بەردەم ئەم زیندانە ئامادە بوون و بە سەدان خەڵکی ئازادیخوازی ئورومیە لە بەردەم زیندانی ئەم شارە لەگەڵیان کۆبوونەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانەکە بوون.

 

ڕژێمی ئێران، بێ گوێدانە خواستەکانی خەڵک، هەمیشە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی یاسا نامرۆڤەکانی خۆی دەکات و سەرەڕای داوای خەڵک بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە سێدارەدانەکان، زیندانییەکانی لە سێدارە داوە.