عێراق سوود لە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان بۆ کارەبا وەردەگرێت

بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە، عێراق سوود لە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وەردەگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ دووشەممە زیاد عەلی فادل، وەزیری کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەداوە حکومەت پلانی هەیە سوود لە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزە وەربگرێت.

 

وەزارەتی کارەبا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەزیری کارەبای عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە، هەنگاوەکانی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی حکومەتی عێراق  لە ڕێگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تاوتوێکراوە.

 

وەزیری کارەبا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجەکانی حکومەت کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە گاز و سووتەمەنی بەردینی بۆ بەرهەمهێنانی وزە، هەنگاونان بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی پاک، وزەی نوێبووەوە و وزەی خۆر، لە پێناو کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی و سنووردارکردنی گەرمبوونی جیهان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانیش لەسەر ژینگە.

 

زیاد عەلی فادل  بەشێوەیەکی وردتر خستیەڕوو، وەزارەت خوێندنەوەی کردووە لەسەر میکانیزمە تەکنیکییەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوە، هەماهەنگیکردن لەگەڵ چەند قایمقامیەت و شارەوانییەک بۆ دروستکردنی دامەزراوەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

 

وەزیری کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی کارەبا کار لەسەر هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە دەکات، بەسوود وەرگرتن لە وزەی با و پڕۆژەکانی وزەی خۆر.