سێ منداڵی گیانیان لەدەستداو لە زینداندا مایەوە: تا ئێستاش خەبات دەکات بۆ ئاشتی

مەریەم سۆیلو کە سێ منداڵی لە ڕیزەکانی پەکەکەدا گیانیان لەدەستدا و ساڵانێک لە زینداندا بوو، دڵخۆشی خۆی بۆ بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و وتی: سەرەڕای ئەم ئازارانە، هیوای ئاشتی بەردەوامم پێدەبەخشێت.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ڕێی نێوەندگیری شاندی ئیمرالی لە ٢٧ی شوباتدا بە ناوی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دموکراتیک" لە بەرنامەی کاردایە، دوای ئەو بانگەوازە، کۆبوونەوە گشتییەکان بە پێشنەگایەتی دەم پارتی و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان، ئەو دایکانەش بەردەوامن کە باجێکی قورسیان داوە بۆ ئەو بانگەوازە.

 

ماڵئاوایی لە کچەکەی نەکرد

مەریەم سۆیلو تەمەن ٧٠ ساڵ کە ساڵانێکە خەبات بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەکات، بەهۆی بەشداریکردنی لە پرسە و مەراسیمی ماتەمینی بە کۆی گشتی ١٠ ساڵی لە زیندان بەسەر بردووە، مەریەم سۆیلو سەرەڕای نەخۆشی و تەمەنی بەساڵاچوو، دوای ئازادبوونی بەردەوام بوو لە کارەکەی، لە دۆسیەیەکی دیکەی بەردەوامدا بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوەکە" سزای ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بۆ ماوەیەک لەگەڵ هەردوو کچەکەی و نەوەکەی زیندانی کران، سێ منداڵی لە کات و بەرواری جیاوازدا پەیوەندییان بە پەکەکەوە کرد و تەنها تەرمی کچەکەی لەو خاکەی کە لەدایک بووە بە خاک سپێردرا، مەریەم سۆیلو بۆ دواجار کچەکەی نەبینیوە، چونکە ئەوکات لە زیندان بووە و ساڵانێکە بەدوای تەرمی دوو کوڕەکەیدا دەگەڕێت.

 

"نامانەوێت هیچ گەنجێک بمرێت"

مەریەم سۆیلو، کە سەرەڕای ئەو ئازارانەی بەسەریدا هاتووە، بەردەوامە لە تێکۆشان بۆ ئاشتی و وتی: دەمەوێت گەلی کورد بە یەکگرتوویی پشتیوانی ئەم پرۆسەیە بکات، دەزانم ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ئاشتیانە کۆتایی دێت، هەرچییەک ڕووبدات بەردەوام دەبین لە داوای ئاشتی، پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەین، ئەم پرۆسەیە لە لایەک دڵتەنگمان دەکات، بەڵام لە لایەکی تریشەوە دڵخۆشمان دەکات، ئەم گەلە باجی گەورەی داوە، بەڵام ئێمە هێشتا بەردەوامین لە خەبات، هەمیشە دەمانوت ئاشتی، بەڵام بە ناوی ئاشتی هەزاران کەسیان کوشت، نامانەوێت هیچ گەنجێک بمرێت و خەڵک غەمبار بێت.

 

"ئاشتی تەنها لە یەک لایەنەوە بەدی نایەت"

مەریەم سۆیلو داوای لە دەوڵەت کرد بە زووترین کات وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بداتەوەو وتی: کاتێک لایەنی بەرامبەر باسی ئەم بانگەوازە دەکات، دەڵێت دەبێت شەهید بن"، ئایا بەڕاستی هیچ شەهیدێکمان نییە، ئایا باجەکەیمان نەداوە؟" لەم پرۆسەیەدا منداڵە بەنرخەکانمان لەدەستدا، بەم شێوەیە ناتوانرێت بە تەنیا لە لایەک ئاشتی هەبێت، هێشتا ئێسکی منداڵەکانمان نەبینیوە، پێویستە هەمووان باش ئەمە بزانن. شەڕەکە چەند بخایەنێت ڕۆژێک کۆتایی دێت، دەمەوێت دەوڵەت وەڵامی ئەم بانگەوازە بداتەوە و هەنگاو بنێت، هەرچەندە شەڕەکە بەردەوام بێت، دواجار ناچار دەبن لەسەر مێزەکە دابنیشن، دەوڵەت دەبێت بە گوێرەی بانگەوازەکە هەنگاو بنێت، دەبێت دەستبەرداری سیاسەتەکانی جەنگ بێت، ئەگەر هێرشەکان هەم لێرە و هەم لە ڕۆژئاوا بەردەوام بن، ئەم ئاگربەستە هیچ واتایەکی نابێت، دەبێت ئارامی لە هەردوولا هەبێت و چەکەکان بوەستێندرێن.

 

"بانگ لەهەموو کەسێک دەکەین"

مەریەم سۆیلو باسی لەوەشکرد، سەرەڕای سەختییەکانی ژیان و ئەو ئازارانەی کە بەرگەی گرتووە، بوونی ئارامی و گەل هیوایان پێدەبەخشێت و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە زیندانی کراین، منداڵەکانمان گیانیان لەدەستدا، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەمیشە دەمانوت 'ئاشتی'، ئێمە وتمان با خەڵک نەکوژرێن، با خوێن نەڕژێت"، پێویستە ئەو دەستەی بۆ ئاشتی درێژ دەکرێتەوە، ئەمجارەش پرۆسەکە بە هێرش و کۆمەڵکوژی کۆتایی نەیەت، بەڕێز ئۆجالان چەندین جار داوای ئاشتی دەکات، بەڵام هەمیشە بە هێرش وەڵامیان داوەتەوە، هەروەها پێویستە ئێستا هەنگاوی لۆژیکیش بنێن، ئەگەر باجێک هەبێت ئێمە زۆرترینمان داوە، ئەم شەڕە کۆتایی نییە، ئەم بانگەوازە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ هەموو گەلان، پێویستە گەل لەم پرۆسەیەدا یەکگرتوو بێت، کاتێک گەل یەکگرتوو بن، پرۆسەکە دەرئەنجامێکی باشی دەبێت، پێویستە هەموومان ئەمە بزانین و بەو پێیە مامەڵە بکەین، ئەم پەیامە بۆ هەموو کۆمەلگەو گەل بڵاودەکەینەوە.