سێ منداڵی بێلانە لە سلێمانی لە بنەماڵەکەیان سەندران و برانە ماڵەکانی منداڵان

سێ منداڵ کە بێلانە بوون و لە لایەن باوک و دایکیانەوە کاریان پێدەکرا، گواسترانەوە بۆ ماڵەکانی منداڵان، ژیار جەلال بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد ئەگەر دادوەر هاوکاری بێت ئەو منداڵانەشی بێلانە نین بەڵام کاریان پێدەکرێت بگواسترێنەوە بۆ ماڵەکانی منداڵان.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ - ماوەی چەند ڕۆژێکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ ئەو کەسانەی بێلانەن و لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە، لەو هەڵمەتەدا دەیان کەس گواسترانەوە بۆ شوێنی پارێزراو، هەروەها سێ منداڵ کە لەگەڵ دایک و باوکیان کلێنسیان دەفرۆشت بێلانە بوون و لەم وەرزی سەرماو بەفرەدا لەسەر شەقامەکان ڕۆژیان دەکردەوە ئەوانیش گواسترانەوە بۆ ماڵەکانی منداڵان.

 

لەو بارەیەوە ژیار جەلال بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەکرد بە بریاری دادوەر و بە ھاوکاری پۆلیسی ناوجەوانانی سلێمانی ھەستان بە گواستنەوەی سێ منداڵ دوو کچ و کورێک بۆ ماڵی منداڵانی سەربەبەرێوبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی.

 

وتیشی: "ئەم خێزانە ماوەی ساڵێکە لە شاری سلێمانی لە گەڕەکەکانی گۆیژەو قڕگە ئەم منداڵانەی بەکارھێناوە بێگوێدانە بەرزبونەوەو نزمبونەوی پلەی گەرما بەڕۆژ و شەو کاری کلێنس فرۆشتنی بە منداڵەکان دەکردو لە شەوانیشدا دەبرانە پشتی پیکابێک دەیان خەواندن تا بەیانی، لەگەڵ ئەوەی پێشتر ئێمە شوێنمان بۆ دابینکردن بۆ ژیانکردن و مانەوەیان تا لەسەر شەقامەکان نەبن بەڵام وتیان وازمان لێ بێنن کاسپی خۆمان زۆر باشترە، بۆیەلە ئێستادا منداڵەکانیان لیوەرگیراوەو لە ماڵەکانی منداڵاندا پارێزراون".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە پێیباشە ئەو منداڵانەشی بێلانە نین بەڵام تەمەنیان زۆر بچوکە و کار دەکەن بەهەمان شێوە ببرێنە ماڵەکانی منداڵان، وتی: "ئەگەر دادوەر هاوکارم بێت ئەو کارە دەکەم".