سێ هەزار و ٢٠٠ خێزانی عێراقی لە كامپی هۆل گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای تەواوكردنی پشكنینی ئەمنی هەزار و ٢٠٠ خێزانی عێراقی لە كامپی هۆل گەڕێندراونەتەوە،ا حكومەت بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییەكانی لە كامپەكە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250217-jpeg4cc3e0-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی ژمارەی خێزانە عێراقییەكان لە كامپی هۆل ڕایگەیاند، دوای تەواوكردنی پشكنینی ئەمنی هەزار و ٢٠٠ خێزانی عێراقی لە كامپی هۆل گەڕێندراونەتەوە، كە سەرجەمیان خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقیین.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نیگەرانییە ئەمنییەی لە كامپەكە هەیە، حكومەت بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی لە كامپی هۆل، بەتایبەتی لە چوارچێوەی بارودۆخی ناسەقامگیری سووریا.
ڕوونیشی كردەوە، عێراق هەر لە سەرەتاوە پابەند بوو بە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی خۆی لە كامپەكە، حكومەتیش ئەمە لە ئەولەوێتەكانی خۆی دانا بوو، بە مەبەستی داخستنی كامپەكە، تا ئێستا حكومەت سێ قۆناغی نوێی لە كامپەكەوە گواستەوە، هێشتا نزیكەی ٨٣٣ خێزانی عێراقی لە كامپەكەدا ماون.
ئەوەشی پشتڕاست كردەوە، عێراق هیچ منداڵێكی نا عێراقی نەگواستەوە، هەموو ئەو منداڵانەی گەڕاونەتەوە خەڵكی شارەكانی عێراقن، گەڕانەوەشیان كەوتووەتە ژێر ڕێكاری وردەوە، لەنێویاندا پشكنینی دی ئێن ئەی بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەكانیان كراوە.