سێ هێرشی ئاسمانی بازاڕێک لە تەعز دەکەنە ئامانج و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە
هێرشی چڕ و مووشەکی و ئاسمانی بۆ سەر بازاڕێکی شاری تەعز بووە هۆی ئەوەی کە دەیان کوژراو و بریندار لێ بکەوێتەوە،ئەمەش شەپۆلێکی تۆمەتبارکردنی نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی لێکەوتەوە لە کاتێکدا ترسی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و خراپتربوونی دۆخی مرۆیی هەیە.
ناوەندی هەواڵ
لە ئاکامی بۆردومانێکدا کە بازاڕی گەلی حەدەرە لە ناوچەی وەزییە سەربە تەعز، کە باشووری ڕۆژئاوای یەمەنی کردە ئامانج و بەهۆیەوە ٣٠ کەس کوژران و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون، حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە و یاخیبووانی حوسی سەبارەت بە بەرپرسیارێتی هێرشەکە تۆمەتەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد.
لەگەڵ بەردەوامبوونی تۆمەتەکان سەبارەت بە بەرپرسیارێتی بۆردومانکردنی بازاڕی گەلی حەدەرە لە ناوچەشاری وەزییە لە تەعز کە دەیان کەسی لێ کوژرا، وەزارەتی تەندروستی سەر بە حوسییەکان ٧ی تشرینی دووەم پشتڕاستی کردەوە کە بازاڕەکە بە سێ هێرشی ئاسمانی بەرکەوتووە، وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە گروپەکانی فریاگوزاری و ئۆتۆمۆبیلی فریاگوزاری هێشتا لە ژێر داروپەردوودا بەدوای زیانبەرکەوتوواندا دەگەڕێن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە، بەڵام حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بە توندی ڕەتیکردەوە هیچ دەستوەردانێکی لەم هێرشەدا هەبێت و حوسییەکانی بە تەواوی بەرپرسیار زانی لە دەرئەنجامەکانی و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی وەک تاوانی جەنگ پێناسە کرد.
ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا توندتر دەبێتەوە و هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی گرژییە ناوچەییەکان، ترسی نوێبوونەوەی شەڕێکی فراوانتر و قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن دروست دەکات.