کارمەند و پۆلیسی تورک لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە ژنێکی کورد دەدەن

کارمەندان و پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هێرش دەکەنە سەر ژنێکی کورد و هاوژینەکەی و لێیان دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە کارمەندان و پۆلیسی تورک لە دەروازەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل-سلۆپی هێرش دەکەنە سەر ژنێکی بەساڵاچوو لەگەڵ هاوژینەکەیدا و سوکایەتییان پێدەکەن.

 

هەرچەندە هۆکاری سەرهەڵدانی گرژیی و دەمەقاڵی نێوان ئەو دوو هاوژینە لەگەڵ کارمەند و پۆلیسەکان نەزانراوە، بەڵام مامەڵەی نەشیاوی کارمەندان لە دژی ئەو دوو بەساڵاچووە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و داوای سزادانیان کرا. 

 

لە کاتی دەمەقاڵییەکەدا ئەو ژنە بەساڵاچووە بە کارمەندێکی دەروازەکەی وت: "تۆش ڕۆڵەی دایک و باوکێکی بەساڵاچوویت، ئەمە لەیاد نەکەیت،" بەڵام بە ٣ کارمەندەوە هێرش کرایە سەری و لێیدرا.

 

دوای ئەو ڕووداوە، پارێزگاری شەرناخ ڕایگەیاند، کە دوو لە کارمەندەکان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

نوران ئیمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە لە شرناخ، گرتە ڤیدیۆیەکەی لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئەمەیە ئەفسەری دەروازەی گومرگی سلۆپی کە توندوتیژی بەسەر ژناندا دەسەپێنێت لەکاتی تێپەڕبوونیاندا، ئەم دۆخە هەموو ڕۆژێک ڕوودەدات، ئەم توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان لە دەروازەی گومرگی سیلۆپی بێ سزا نابێت، ئێمە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەین".