لە نا ئارامییەکانی ئێران چی دەگوزەرێت؟

چالاکوانان لە ئێران نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لە پچڕانی بەربڵاوی ئینتەرنێت و دانیشتووان ناتوانن دەستیان بە سۆشیاڵ میدیا بگات.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان کە بە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێکی کورد کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە کوژرا، توڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بڵاوبووەتەوە کە تەواوی جیهانی لەسەر هاتە دەنگ.

 

گروپی چاودێری ئینتەرنێت نێتبلۆکس رایگەیاندووە، ئینستاگرام و واتسئەپ، دوو لە ئامڕازە سەرەکییەکانی پەیوەندیکردنن کە ئێران بەزۆری رێگەیان پێدەدات بەکاربهێندرێن بەڵام لە ئێستادا سنووردارکراون، واتسئەپ ئاماژەی بەوەشکردووە، کاردەکەن بۆ ئەوەی بەکارهێنەرانی ئێرانی لە پەیوەندیدا بمێننەوە.

 

ئەو دوو بەرنامەیەی کە مێتا خاوەندارێتی دەکات، ملیۆنان بەکارهێنەری ئێرانییان هەیە و تادێت زیاتر بەناوبانگ دەبێت، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران لە ساڵانی ڕابردوودا پلاتفۆرمەکانی دیکەیان بلۆک کرد، لەوانە فەیسبووک و تویتەر، هەروەها تێلێگرام و یوتیوب و تیکتۆکیش جار جار داخراون.

 

دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری وڵات دەربارەی  گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی، ئەو ژنە گەنجە تەمەن ٢٢ ساڵەی بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە یاساکانی حیجاب لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە ئەشکنجەدرا.

 

نێتبلۆکس بڵاویکردەوە کە شەوی پێنجشەممە ئینتەرنێت بەشێکی بەستراوەتەوە بەڵام ڕۆژی هەینی جارێکی دیکە تووشی لەدەستدانی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی وڵات بووەتەوە، ئادەم مۆسێری، بەرپرسی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە تویتێکدا نووسیویەتی: "خەڵک لە ئێران لە ئەپ و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان دادەبڕدرێن"

 

بەڵام هەندێکی تر مێتایان بە هاوبەشی لە پچڕاندنی پەیوەندی بەکارهێنەران تۆمەتبار کرد، مێتا تیمێکی لە پێداچوونەوە کارانی زمانی فارسی هەیە کە سەیری ئەو ناوەڕۆکانە دەکەن و لایان دەبەن کە یاساکان پێشێل دەکات.

 

ئەگەر پۆستێک کە ستانداردەکانی کۆمەڵگەی مێتای شکاندبێت لەلایەن بەکارهێنەرانەوە ڕاپۆرتکرابێت یان لەلایەن تەکنەلۆژیاوە ئاڵای لەسەر بێت ئەوا لادەبرێت، هەندێک بەڵگەی خۆیان خستەڕوو کە ناوەڕۆکی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەلایەن مێتا بلۆک کراوە.

 

هەروەها خەڵک باسیان لەوە کردووە کە تەنانەت لەکاتی هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی ڤی پی ئێن و پرۆکسی ناتوانن بچنە ناو ئەکاونتی واتس ئەپەکانیانەوە، بە شێوەیەکی ئاسایی، دەستڕاگەیشتن بە ماڵپەڕەکان بەهۆی فلتەرەکانی حکومەتەوە بە شێوەیەکی زۆر سنووردار دەکرێت و تەنیا ئەوانەی کە VPN یان هەیە دەتوانن لە ماڵپەڕەکانی دەرەوەی وڵاتەوە دەستیان بە ناوەڕۆکی بێ سانسۆر بکات.

 

پچڕانی ئینتەرنێت تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن گەورەترین ئۆپەراتۆری مۆبایلی ئێرانەوە دێت کە ئۆفلاین بووە، کۆمپانیای پەیوەندی مۆبایلی ئێران زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کڕیاری هەیە، سەرەتای هەفتە وەزیری پەیوەندییەکان هۆکاری پچڕانی ئینتەرنێتی گەڕاندەوە بۆ هۆکاری ئەمنی وڵاتەکە.

 

 ئینتەرنێت یەکێکە لەو ئامرازە گەورانەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەدەستیانەوە گرتووە کاتێک نائارامی لەسەر شەقامەکان سەرهەڵدەدات.