لە زاهیدان ئینتەرنێت پچڕاوە و دۆخی ئەمنیش لە ڕاسک چڕە
لە ئەنجامی ترسی ڕژێمی ئێران لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەلووچ، ئینتەرنێت لە زاهیدان پەکی کەوتووە و کەشێکی ئەمنی بەهێز لە شاری ڕاسک هەیە.

ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراوەتەوە، سەرەڕای بەهێزی کەشوهەوای ئەمنی لە شاری ڕاسک، تۆڕی ئینتەرنێت لە زاهیدان و بەشێک لە شارەکانی دیکەی سیستان و بەلوچستان پەکی کەوتووە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان و سەربازییەکان بە ئۆتۆمبێلی ڕێکخراوەیی لەسەر ڕێگاکانی ڕاسک ئامادەبوون، بوونەتە هۆی چڕبوونەوەی کەشوهەوای ئەمنی ناوچەکە.
لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا و دوای هەینی خوێناوی زاهیدان، خەڵکی بەلووچ ڕۆژانی هەینی دوای نوێژی هەینی دەهاتنە سەر شەقامەکان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان دژی بارودۆخی ئێستای کۆمەڵگە ئەنجامدەدا، بۆیە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بەلووچ هەرچییەک بێت دەیکات و بە دەیان هێزی ئەمنی لە شارەکە بڵاوکردووەتەوە.