عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لەڕووى کارکردنى منداڵانەوە
سەرۆكی ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی جیهانییە و عێراقیش پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبی گرتووە لەو ڕووەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240415-mndal-jpgcc58f1-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
فازل غەراوی، سەرۆكی ناوەندیی ستراتیژی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لە بارەی پلەى عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانى عەرەبى بۆ كاركردنی منداڵان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: كاركردنی منداڵان دیاردەیەكی جیهانییە و بەرزترین ڕێژەش لە وڵاتانی كەم داهاتدا هەیە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، عێراق لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لەڕووى کارکردنى منداڵانەوە لە دوای یەمەن و سوودان و میسر، ڕێژەی كاركردنی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ ١٥ ساڵ دایە دەگاتە ١٣.٦٪ و ئەو منداڵانەی تەمەنیان زیاترە دەگاتە ٣٤.٨٪.
سەبارەت بە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی كاركردنی منداڵان لە عێراق وتوویەتی: دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئابووری بەهۆی كەمی داهاتی خێزان، ڕێژەی بەرزی بێكاری، هەژاری، ململانێكان، ئاوارەبوون، ڕێژەی بەرزی توندوتیژیی خێزانی لە دژی منداڵان و سیستمێكی لاوازی یاسادانان.
لە ماددەی ١٥ی یاسای خوێندنی عێراقدا باسی هاوكاری نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەكات، بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێ كردنی بڕیاری كارپێنەكردنی منداڵان بەر لە تەواوكردنی تەمەنی یاسایی.