کژار کەمپەینی "کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنە"ی ڕاگەیاند
کژار لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا، ڕاپەرینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەک ڕاگەیاندنی شۆڕشی ئازادی پێناسە کردو کەمپەینی "کاتی پاراستی شۆڕشی ژنە"ی ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
ڕاگەیەندراوەکەی کژار بەم شێوەیەیە:
"ژنان بە تێکۆشانیان لە سەدەی ٢١دا ئازادی ژنان و مرۆڤایەتی مسۆگەر دەکەن، ژنان ئێستا مێژووی ئازادی خۆیان دەنووسنەوە و لە ڕێگەی تێکۆشانیانەوهەموو ئەو دیوارانەی عەقڵییەتی رەگەزپەرست کە بۆیانی دروستکردووە دەڕوخێن و شۆڕشی ژنان و ئازادیی گەل مسۆگەر دەکەن، تووڕەیی و ڕق و کینەی دەیان ساڵی ژنان لە دژی ڕژێمی داگیرکەر، ئەمڕۆ بۆتە دەنگی هاواری ئازادی. بۆتە دەنگی شۆڕشی گەلان.
ڕاپەڕینی گەلان بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی دەوڵەت-نەتەوە، کە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزم، رەگەزپەرەست و ئایین پەرەست دامەزراوە، ساڵانێکە گەل و باوەڕی بوونەتە قوربانی عەقڵیەتی فاشیست و قۆرخکاری ڕژێمی داگیرکەری ئێران. ئەو کارە بوێرانەی شلێر رەسوڵی، ڕەتکردنەوەی عەقڵیەتی دەستدرێژیکار بوو، بانگەوازیەک بۆ خاوەندارێتی بەهاکانی کۆمەڵگا بوو. کوشتنی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی دڕندانە لە ناوچوونی ڕژێمی هەژموونی دەستپێکرد.
ئەو ژنەی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە هێمای یەکگرتنی گەلان و هۆکاری بەرزکردنەوەی خەبات بۆ ئازادی لە دژی هەموو جۆرە دەستدرێژی و زوڵمێکی داگیرکەران، ژنان بە تێکۆشانیان نیشانیان دا کە ژیان بەبێ ژن و بەبێ ئازادی نابێت، خاوەندارێتی لە ژینا ئەمینی، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، تێپەڕبوونی پرۆسەیەکی نوێی گۆڕانکاری و وەرچەرخان بوو.
ماوەی ٤٣ ساڵە ڕژێم کۆیلایەتی بەسەر ژنان و گەلاندا سەپاندووە
ڕژیمی ئیسلامی هەر لەو ڕۆژەوەی هاتە سەر دەسەڵات دەستی بە کوشتن و دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی خەڵک کرد, بوو بە ماشێنی سێدارە بۆ خەڵک و زیاتر لە دیکتاتۆرەکانی پێشوو، خەڵک و بە تایبەتی ژنانی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا میلیتاریزە کرد و پێی وابوو بە برسیکردنی کۆمەڵگا و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی سەردەکەوێت.
بەڵام ئەمە تەنها خۆ هەڵخەڵەتاندنێک بوو، سیستمێک کە نەتوانێت چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکات، لە ناخەوە دەڕزێت و بە تێپەڕبوونی کات بە ڕیگایەک جگە لە بڵاوبوونەوە و داڕمانی بۆ نامێنێتەوە، لەو شوێنەی کە ژن و گەنجی تێدا بێت وە توانای بنەڕەتی کۆمەڵگا زیندووە، زۆر زوو دەستبەرداری ئازادی نابن، ئازادی لە ناخی مرۆڤەکان دایە و هیچ هێزێک ناتوانێت لە ناخی مرۆڤی دەرخات چونکە کەس ناچار نییە وەک کۆیلە بژی. رژێمی داگیرکەر بۆ ماوەی ٤٣ ساڵە دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک کۆیلایەتی بەسەر ژنان و گەلاندا بسەپێنێت، بە شێوەیەکی سیستماتیک هەبوونی ژنانی کردە ئامانج و دەیویست کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژندا ژێردەست بکات. بەڵام ژنان و گەلی ئازادیخواز بە هەموو شێوەیەک تێکۆشانیان کرد، بەدیلی زۆریان دا و ملکەچی سیستەمی ستەمکار نەبوون.
"ژنان تەسلیمی ڕژێمی داگیرکەر نەبوون"
شۆڕشی گەل بە پێشەنگایەتی ژنان دەیسەلمێنێت کە خەڵک هۆشیارە، خاوەن ئیرادەیە و ئیتر لە مەیدانەکان خەبات بۆ ئازادی دەکات، هەبوونی خۆی دەپارێزێت و ئازادی خۆی مسۆگەر دەکات، ڕاپەڕینە ڕادیکاڵەکان لە ڕۆژهەڵات و ئێراندا دەیسەلمێنن کە کۆمەڵگا چیتر دەستدرێژیکردنە سەر بەهاکانی قبوڵ ناکات و داوای مافە دیموکراتییەکانی خۆی دەکات، کۆمەڵگای دیموکراتیک کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسییە، ئەخلاقیش بیر و هزری ئازادی و دادپەروەریە لە کۆمەڵگادا و ویژدانی کۆمەڵگەیە.
لەسەر بنەمایەک کە هەموو جیاوازییەک بپارێزێت، پێکەوە ژیانی گەلان مسۆگەر دەکات، ئەوە هێزی بنەڕەتی بڕیار و پراکتیکە کە سیستمی کۆمەڵگا پێک دێنێت و سیاسەتیش خەباتە بۆ ئازادی و عەقڵی هاوبەشی کۆمەڵگا، دەتوانین بڵێین ئەوە ئەخلاق و ویژدانی گەلانە کە شۆڕشی ئازادی پێش دەخات.
شۆڕشی گەل لە کەسایەتی ژناندا بە ئەزموون دەکرێت، خەباتی ژنان لە جاران بەهێزتر بووە و خەریکە ئایدۆلۆژیای ڕژێمی ئێران لەناو دەبات، ژنان بە خەبات و تێکۆشانیان دیوارەکانی زیندان بێمانا دەکەن و دەنگی خۆڕاگری بەرز دەکەنەوە، ئەم قۆناغە ناچارمان دەکات درک بەوە بکەین کە وەک ژن ڕێکخستن و یەکگرتن و پاراستن چەندە گرینگە.
ئەو ڕاپەڕینانەی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی شار لە دوای شار بە یەک دروشم دەستی پی کرد، ئەوەی سەلماند کە گەلەکەمان توانای ڕێکخستن و یەکگرتنیان هەیە، ژنان و گەنجان گیانی خۆیان دەکەن بە قەڵغان و دەبنە شەهیدی شۆڕش بۆ ئازادی ژن و ژیان، پێویستە بە زانستێکی قووڵ کە لە فەلسەفەی ئازادیخوازی "ژن، ژیان، ئازادی" ەوە سەرچاوەی گرتووە، دەستکەوتەکانمان بپارێزین.
لەسەر ئەم بنەمایە کە هەموو ئێمەی ژنان ئازارەکانمان هاوبەشن، پێویستە خەباتمان بۆ ئازادیش هاوبەش بێت، دەتوانین لە دەوری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە هەموو ئازادیخوازێک خۆی تێدا دەبینێتەوە، کۆببینەوە، با یەک دەنگ بین و یەکگرتوو بین، خەبات و ئارەزووی ژنان هەموو سنوورێک دەشکێنێت، کوردستان هاواری ئازادی لە دژی ستەمی ستەمکاران بەرزکردەوە، ئەهواز، بەلوچستان، لوڕستان، ئازەربایجان و هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەڵامیان دایەوە و بوون بە یەک دەنگ.
"با تێکۆشان بەرزبکەینەوە، بەرخۆدانی ژنان و گەلانیش بپارێزین"
با هەموو ژنان بە هێزەوە خۆمان ڕێکبخەین و لە ژێر یەک چەتردا تێکۆشانمان بەرز بکەینەوە و بە ئازادیی هەموو ژنان داخوازییەکانی ژینا مسۆگەر بکەین، هیچ هێزێک بەبێ ڕێکخستن ناتوانێت سەربکەوێت، بۆیە تا زیاتر ڕێکخراو بین، بەهێزترین، لەم کاتەدا دەتوانین سیستمێکی هاوبەش بۆ پاراستنی ژنان بونیاد بنێین، نابێت هیچ ژنێک بەبێ پاراستن بمێنێتەوە.
ڕێبەر ئاپۆ لە خەباتی ٥٠ ساڵەی خۆیدا هەمیشە گرنگی بە خەبات و ڕێکخستن و پاراستنی ژنان دەدا، ئازادی ژنانی کرد بە بناغەی هەموو ئازادیەکان، بەهۆی ئەوەوە ئەمڕۆ ژنان بە ڕێکخستنی خۆیان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوونەتە بازنەیەک لە دەوری ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ، جارێكی تریش ژنانی كوردستان و دهرهوهش تێکڕا به دهنگی بهرز دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یان وت و سەلماندیان كه سیستهمی ئیمراڵی به بیری رزگاریخوازی ژنان لهناو دهچێت، لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی ڕێکخستن کراوی ژنان – کژار، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە ڕێکخستن و یەکگرتن و پاراستنی ژنان.
بە بنیاتنانی سیستمی کۆنفیدڕاڵی دیموکراسی، بەرخۆدان و خەباتی ژنان لە ئامێز دەگرین، لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا، لەسەر بنەمای یەکگرتنی ژنان، ڕێکخراوەکە فراوانتر دەکەین و هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان دەکەینە جێی تێکۆشان، هەر بۆیە ئێمە وەک کژارهەڵمەتێک بە ناوی "کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنانە" ڕادەگەیەنین، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشی ئازادییان ڕاگەیاند و بە گیانی خۆیان بەدیلیان بۆ ئەو شۆڕشەیان دا، ئێمە وەک کژار بە ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین کە هەڵمەتی پاراستنی شۆڕشی ژنان بەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ڕابگەیەنین، لەسەر ئەم بنەمایە خەبات بهێنە ناو هەموو ماڵ و کۆڵان و گۆڕەپانەکان، ههروهها داوا له ههموو ژنانی ئازادیخوازی رۆژههڵاتی ناوهڕاست و جیهان دهكهین كه بێن و تێکۆشانمان زیاتر بکەین و شۆڕشی ژنان و گەلان بپارێزین".