قەیرانی سیاسی و ئابووری کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە

قەیرانی ئابووری و سیاسی ئێران کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە، ئەو ژنانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، بارودۆخیان خراپتر دەبێت.

عەتیفە مەعروفی

 

تاران- لە سەرەتای ساڵی نوێوە، بازاڕی تاران ڕووبەڕووی کێشە و گرفت بووەتەوە، فرۆشیاران لە فرۆشگای جلوبەرگدا کێشەیان لەدابینکردنی کاڵا هەیەو بەهۆی نەبوونی داواکاری و نەبوونی کاڵا، هەروەها بەهۆی زیادبوونی بەها و نەبوونی داهات بۆ خێزانەکان ناتوانن جلوبەرگی نوێ بکڕن.

 

لەدوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕژێمی ئێران ڕێگەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام و واتسئاپ گرت کە ڕێی پەیوەندی دوکانە بچووکەکان بوون و زیانێکی زۆریان پێگەیشت.

 

"ئەگەر قەیرانەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بارودۆخمان خراپ دەبێت"

نازەنین، لە دوکانێکی پلاسکۆ کار دەکات و لەبارەی دۆخی بازاڕەوە وتی: دوای نەورۆز دوکانمان کردەوە، بەڵام بۆ چەند ڕۆژێک هیچ فرۆشتنێکمان نەبوو، ئێستا دۆخەکە هەمان شتە، گۆڕانکاری نییە و بازاڕ بێدەنگە، ئێمە بە زۆر کەلوپەلی زستانمان فرۆشت، هەرچەندە ئێمە کاڵای بەهارمان هێناوە، بەڵام چەند ڕۆژێکە ئەو جۆرە فرۆشتنەمان نەبووە و دەبێت مانگانە ٢٥ ملیۆن تمەن کرێ بدەین، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە خراپ دەبێت.

 

"داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە"

نازەنین ئاماژەی بەوەشکرد، ڕژێمی ئیران لە دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی خەڵک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داخستووە و بووەتە هۆی لاوازبوونی فرۆشی دوکانە بچووکەکان لە بازاڕدا، ئەو ئاستەنگ کردنە بووە هۆی ئەوەی کاری بچوک و مامناوەند لە پێشبڕکێی ئەو شوێنانەی کە وەبەرهێنانی بەهێزیان هەیە و پشتیوانی سیاسی و پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە، زۆر لاواز بێت، ئێستا ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە فرۆشگاکەمان لە مەترسییەکی گەورەدا بێت و ئێمە ناتوانین پەیوەندی لەگەڵ کڕیارەکانمان بکەین و لە کۆتاییدا فرۆشەکانمان زۆر کەم بوونەتەوە، پێشتر چالاک بووین لە لاپەڕەی ئینستاگرام و کاڵاکانمان بەم شێوەیە بە کڕیارەکانمان دەناساند، بەڵام ئێستا کاتێکی زۆری دەوێت تا قسە لەگەڵ کڕیارەکانت دەکەیت و داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکەیت، بۆیە کڕیارەکان کاتێک ئەمە ڕوودەدات ڕوویان لە ماڵپەڕە گەورەکان کردووە، ئێمە کاڵاکەمان لەدەستدایە و کەمتر دەیفرۆشین.

 

"دوای ڕاپەڕین، گۆڕانکاری لە جلوبەرگی ژناندا کرا"

ئەوەشیخستەروو دوای ڕاپەڕینەکە، بازاڕی جلوبەرگ کەمیکردووە بەهۆی ئەوەی ژنان لە ئێران حیجاب لەبەر ناکەن و خواست بۆ کڕینی حیجاب و مانتۆ کەمی کردووە، لە ئەنجامدا، فرۆشیارانی جلوبەرگ ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە لە بازاڕدا و ئێستا هەوڵ دەدەن کاڵاکانیان بگۆڕن بە چوونە ناو بازاڕی مۆدێرن و بەگوێرەی خواستی کڕیارەکان.

 

هەروەها سیما باسی لە بارودۆخی ئابووری خۆی و ئەزموونی کڕینەکانی کردو وتی: لە بارودۆخی ئێستادا، من بە جددی پێداویستییە سەرەتاییەکان کۆ دەکەمەوە، خۆراک و دەرمان و کەلوپەلی پاککردنەوە دەگرێتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهاکان و نەبوونی هێزی کڕین، دەچم بۆ دوکانە گەورەکان و بازاڕە ناوەندییەکان بۆ کڕینی بەهای باشتر، وتیشی: من و هاوژینەکەم هەردووکمان کار دەکەین و تەنها یەک منداڵمان هەیە، بەڵام هێشتا ژیانێکی سەختمان هەیە.