قەیرانە گەورەکان ئەو دوو باجە ئاشکرا دەکەن کە ژنان دەیدەن

ڕۆشێل جونیور، ڕۆژنامەنووس

لە هەموو قەیرانێک کە جیهان بەسەریدا هاتووە، لە جەنگ و کارەساتە سروشتییەکانەوە تا پەتا و قەیرانی ئابووری، ڕوخساری سەختی ڕاستی بۆ ژنان دەردەکەوێت کە زۆرترین زیانیان بە ئاکامەکانی وێرانکاری هەیە، زۆرجار لە بێدەنگیدا، هەروەها مێژووی کۆن و هاوچەرخ ئەم ڕاستییە دووپات دەکەنەوە، کە هەرچەندە قەیرانەکان سەختتر بن، ژنان باجێکی زیاتر دەدەن، چ بە لەدەستدانی خۆشەویستەکانیان، یان لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکی زۆر، یان بوون بە دەروازەیەکی نەرێنی بۆ تووڕەی کۆمەڵگەیەکی کێشەدار.

 

با نموونەیەک لە ڕاستی ئەم دواییەی ئێمە لە سوەیدا وەربگرین کە پێی ناوەتە سێهەمین مانگی گەمارۆی خۆیەوە،کە بووەتە هۆکاری ئەوەی زۆربەی پیاوان ناتوانن بچنە سەر کارەکانیان و بژێوی ژیانیان بە توندی سنووردار بووە، ژنان بوونەتە "تاکە دەرچە" بۆ توڕەییان، کاتێک پیاوان هەموو کەلوپەل و بژێوی ژیانیان لەدەست دەدا، لە ژناندا ئاسانترین شوێنیان دۆزیەوە بۆ هەواگۆڕکێ و هەڵچونیان، لە کاتێکدا کە بڕیار بوو هاوبەش بن لە خۆڕاگری و پایەیەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناخۆشییەکان، بەڵام بوونە ئامانجی ڕاستەوخۆی فشار و توندوتیژی، ژن ئەو کەسەیە کە خزمێکی، کوڕێکی، یان برایەکی لەدەستدا و ڕووبەڕووی دڕندەی ئاوارەبوون و پەناگە بووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێکرا کە خۆڕاگر و بێدەنگ بێت، وەک ئەوەی بێبەش بێت لە هەست و سۆز.

 

ئەوەی لەوەش دڕندەترە ئەوەیە کە ئەم توندوتیژییە لەلایەن کەسانی نامۆوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو هەندێکجار لەلایەن خودی هاوژینەکەوە ئەنجام دەدرێت، کە بەهەمان ئەزموندا تێپەڕیوە، بەڵام لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنەکەی یان کچەکەیدا ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە شکست و داڕمانی خۆی دەدۆزێتەوە، وەک ئەوەی سروشتی بێت ژنێک بەرگەی هەموو شتێک بگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێڕوانینە نەریتییە پیاوانەی کە دەیخاتە دۆخێکی قوربانیدانی هەمیشەی.

 

ئەم توندوتیژییە لە سنووری کەسایەتییانەوە ناوەستێت، بەڵکو منداڵەکانیان دەگرێتەوە، بەتایبەتی کچەکانیان کە نمونەی خۆڕاگری و بێدەنگییان تێدا دەبینن، بەم شێوەیە، ئازاری ژنان دەبێتە میراسێکی قورس لە نەوەی نوێدا بەرهەم دەهێنرێت، کە بڕوایان وایە ئارامگرتن لە بەرامبەر نادادپەروەری چاکەیە، و قبووڵکردنی توندوتیژی بەشێکە لە سروشتی مێینە.

 

ئەم دیاردەیە تەنها بۆ هەرێمەکەمان سنووردار نییە، و پەتای کۆڤید-١٩ نمونەیەکی بەرچاو بوو لەوەی کاتێک کۆمەڵگەکان دەکەونە ژێر فشارێکی زۆرەوە، هەروەها ئامارەکانی سەرانسەری جیهان بە وڵاتانی پێشکەوتووشەوە نیشانی دەدەن کە حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی بە شێوەیەکی ترسناک زیادیکردووە، کە دیارە گۆشەگیری، ترس و فشاری ئابووری هەمووی ڕێگەی خۆیان بۆ جەستە و ڕۆحی ژنان دۆزیوەتەوە.

 

پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ژنان هەمیشە وەک لاوازترین ئەڵقە لە چاوی کۆمەڵگەدا دەمێننەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا ئەوان بڕبڕەی پشتن کە لەسەری بونیاد نراوە؟ وەڵامەکە لەو کولتوورە باوەیە کە پێداگری لەسەر بچووککردنەوەی ژنان دەکات بۆ ڕۆڵی "بەرگەگرتن" نەک "هاوبەش"، ئەم کولتوورە وایان لێدەکات بەرپرسیار بن لە هەڵمژینی هەموو قەیرانەکان، لە کاتێکدا پیاوان ڕێگەیان پێدەدرێت گوزارشت لە قسەی خۆیان بکەن، تەنانەت لە ڕێگەی توندوتیژیشەوە، هاوکێشەیەکی نادادپەروەرانەیە کە ستەمکاری لەناو خێزانەکەدا بەرهەم دەهێنێتەوە، هەروەها لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا.

 

لێرەوە دەبێت چاو بە وێنەی ژنان بخشێنینەوە لە کاتی قەیراندا، ئەو تەنها "وەرگری شۆک" نییە، بەڵکو دروستکەری ژیانە لە ناوەڕاستی وێرانکاریدا، ئەو لاوازترین نییە، بەڵکو بڕبڕەی پشتە کە کۆمەڵگە دەهێڵێتەوە، کە داننان بەم ڕاستییە تەنها دادپەروەری نییە، بەڵکو پێشمەرجێکە بۆ هەر پڕۆژەیەکی گۆڕانکاری ڕاستەقینە.

 

کاتێک تێدەگەین کە ژنان قوربانی لاوەکی نین، بەڵکو ئەکتەرێکی بنچینەین، ئەوا ئەو سووڕە خراپە دەشکێنین کە ڕێگە بە قەیرانەکان دەدات نادادپەروەری زیاتر پەرەپێ بدەن، تەنها ئەو کاتە دەتوانین داهاتوویەکی جیاواز بونیا بنێین، کە تێیدا ژنان وەک مرۆڤێکی تەواو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بە ماف و خەون و توانای بونیادنانەوە، نەک وەک سێبەرێکی سادە کە ناچاریان بکات لە بێدەنگی بەرگە بگرن.

 

بەبێ گوێدانە ئاستی پەروەردەی پیاو یان پێگەی کۆمەڵایەتی، تێڕوانینی نەریتی بۆ ژنان هەر دەمێنێتەوە کە دەبێت هەمووی بەرگەی گرتن، کاتێک درک بەم شتە دەکەین، دەبێتە ئەرکی ئێمە کە مافەکانی ژنان بەرەوپێش ببەین و پاڵپشتی بکەین، نەک تەنها پاراستنیان، بەڵکو سەقامگیری کۆمەڵگە بە گشتی مسۆگەر بکەین.