لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆسەر ناوچەکانی یەمەن زیانی گیانی لێکەوتەوە
لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن، شەش هاوڵاتی مەدەنی کوژران، ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ- لە ١٥ ی ئاداری پێشووە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشی چڕیان کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتووەتەوە لەوانە منداڵان.
میدیا ناوخۆییەکان لە یەمەن ئەمڕۆ ٩ ی نیسان بڵاویانکردەوە کە ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە شاری ئەمین موقبڵ لە ناوچەی حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن گەیشتووەتە ٢٢ کوژراو و بریندار.
میدیاکان دەڵێن ٦ هاوڵاتی مەدەنی کە دوو ژن و چوار منداڵیان تێدایە کوژراون و بریندار بوون لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر شاری ئەمین موقبڵ لە ناوچەی هاوک.
وەزارەتی تەندروستی بەردەوامی بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی بێچەک لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە بە تاوانبار کرد،کە ئەمە تاوانێکی جەنگی تەواو و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانە.
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری پێشودا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا نزیکەی ٣٧ هێرشیان کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی شارەکانی سەنعا، حودەیدە، مەریب، زەمار، ئیب و عەمران.