قسەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەسەر مامۆستا ژنەکان، کاردانەوەی لێکەوتەوە
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە قسەیەکیدا کە شکستی کەرتی پەروەردە دەخاتە ئەستۆی مامۆستا ژنەکان، لە بەرامبەر قسەکەیدا کاردانەوەی جیاواز دروست بووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/02/20220306-176361192-585575976170124-6500338447010274627-n-jpgcf3cd9-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
دڵشاد عومەر محەمەد، بەرێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆڕی "هەرێمی کوردستان لە کوێی گۆڕانکارییەکانی سیستەمی خویندنی جهاندایە؟" کە لە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر بەڕێوەچوو، لە بەشدارییەکدا وتی: "یەکێک لە قوڕبەسەرییەکانی کەرتی پەروەردە ئەوەیە کە ٦٠٪ی مامۆستایانی پەروەردە ژنانن"، ئەوە لە کاتێکدایە کە یادکردنەوەی ٨ی مارس ڕۆژی ژنان کەمتر لە مانگێکی ماوەو لە بری ئەوەی ڕێز لە ماندوبوون و کاری ژنان بگیرێت، ڕەخنە لە مامۆستایانی ژن دەگیرێت کە لەسەر دەستی ئەوان چەندین نەوە پێدەگەن و کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن.
قسەکەی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی کاردانەوەی چین و توێژە جیاوازەکانی بەدوای خۆیدا هێناو داوا دەکەن کە وەزارەتی پەروەردە هەڵوێستی هەبێت.
"بەقودرەتی قادریش قیادەی هەموو جومگەکان پیاون"
کنێر عەبدوڵا نووسەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "خەتای سەرۆکی حزبەکەت و پاشان وەزیرەکەت و پاشتر سەرۆکی حکومەتەکەتە کە هاوشێوەی ئەم عەقڵیەتانە قبوڵ دەکەن بۆ بەرێوەبردنی پەروەردە، بۆیە قوربەسەری ئەو کەرتە لەم قیادەکردنانەیە بەقودرەتی قادریش قیادەی هەموو جومگەکان پیاون".
"دەسەڵاتی نادیموکراسی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی لە ناوەندەکانی بریار دەوێت"
هاوکات گەشە دارا حەفید پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان وتی: "دەسەڵاتی نادیموکراسی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەی لە ناوەندەکانی بریار دەوێت، لەبەر ئەوەی ئەم تێروانینانە بەرھەمی عەقڵیەتێکە کۆمەڵگە بەشێواوی پەرتەوازەیی دەھێڵێتەوە، شیرازەی کۆمەڵگە بە دابڕاوی لە یەکترو نەبوونی ڕۆحیەتی پێکەوە ژیان، بەردەوام بوونی جیاکاری رەگەزی و چینایەتی بەدەوامی دەبێت پێکدادان و ناتەبایی لە جێی ئاشتەوایی کۆمەڵگە بوونی دەبێت کە ئەمانە خۆراکی مشەخۆری و بەردەوامی دەسەڵاتە گەندەڵەکانە، بۆیە داخوازی و کاری گرنگی کەسانی ئازادیخوازو مەدەنی گۆرانکاری پەروەردەییە".
" ئەرێ گەلۆ وتاری ئەم برادەرە زۆر مەترسیدارتر نیە لە گوتاری کۆنەپارێزێکی دژە ژن؟"
لە لایەکی دیکەوە چالاکوان ئارام حەمە سەعید دەڵێت: "قوڕ بەسەر ئەو کۆمەڵگایەی ئەم برادەرە بەتەمابێ گۆڕانکاری تیا بکات و پەروەردەی مرۆڤدۆستی بەم پاشخانە جوانەوە بباتە پێشەوە، جەنابی بەم فەرھەنگەوە جیلێك پەروەردە دەکات کە ژن بە کەم و عەقڵ و زەعیفە بزانێت، ئەرێ گەلۆ وتاری ئەم برادەرە زۆر مەترسیدارتر نیە لە گوتاری کۆنەپارێزێکی دژە ژن ؟ جا ئەم برادەرانە بەنیازبوون موچەی کابانی ماڵ بۆ ژنان دابین بکەن دواتر پەشیمان بوونەوە، ئەگەر ھۆکاری زۆری مامۆستا و کادری پەروەردەیی ژنان قوڕبەسەری بۆ کەرتی پەروەردە دروست کردبێت واتە ژنان لای ئەم مامۆستا پلە بەرزە پەروەردەیان شێواندووە ،خۆش بێ وەتەن بە عیلم و فەن".
هەر لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکان ڕاز قادر لە ڕێکخراوی “PDO” دەڵێت: "یەکێک لە قوڕبەسەریەکانی میللەتی کورد ئەم ئەقڵیەتیە پیاو سالاریە ژن کوژەیە کە هەرگیز ناتوانێت بڕوا بە تواناکانی ژنان بهێنێت لە کاتێکدا هەموو پیاوێک لە ناخی خۆیدا گەر بە دزیشەوە بێت دەزانێت کە تواناکانی ژنان زۆر زیاترە و لە تواناکانی پیاوان و نەرمی نواندنی ژنان کە باڵانسی زۆرینەی پەیوەندیەکانی لە ناو ماڵ و لە کاریش ڕاگرتوە، بەڵام مەخابن تا ئێستا ڕێژەی بەرزی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا بە قوڕبەسەری دەزانن و لەوەش قوڕبەسەرتر لە بواری بەناو پەروەردەدا ئەم قسەیە کرا".
هەروەها نزار نیگاری چالاکوان کە لە وڵاتی نەرویج دەژی دەڵێت: "لێرە لە نەرویج تەنها ١٥٪ی مامۆستایان پیاون، ئەم ڕێژەیە ڕۆژ بەڕۆژ لەدابەزیندایە، بەپێی توژینەوەکان ڕێژەی مامۆستای ژن لە ئوستڕالیا لە ساڵی ٢٠٥٤ دەبێت ١٠٠٪، پڕۆفیسۆر Marcel Helbig لە سەنتەری WZB لە بەرلین، لە لێکۆڵینەوەیەکدا بە بەشداری ٢.٤ ملیۆن خوێندکار لە ٤١ ووڵاتدا بۆی دەرکەوت کە ڕەگەزی مامۆستا بەهیچ شێوەیەک کارناکاتە سەر ئاستی زانیاری خوێندکارەکان، بە پێچەوانەوە ئەوەی کەکار لەسەر ئاستی زانیاری دادەنێت تەنها تواناو ئاستی ووشیاری مامۆستایە نەک ڕەگەزی نێر یان مێ، بەڕێز دڵشاد عومەر من نازانم ئەم قسەیەت لە چ کۆنتێکستێکدا کردوە "قوربەسەری کەرتی پەروەردە ئەوەیە ٦٠٪ مامۆستاکانی ژنن" بەس حەزم کرد چەند ئامارێکی خێرات بۆ بنوسم کە من تەنها یەک چارەک لە وەختی خۆم گرتوو ئەم زانیاریانەم دەست کەوت جا کاکی بەڕێوەبەر گەر بەڕێزت تۆزێک خۆت هیلاک بکردبا و سێرچێکی بچوکت لە گوگڵ بکردا دڵنیام دەیان سەرچاوەت دەدۆزیەوە لەسەر ڕەگەز و پەروەردە وە دڵنیام ئەم قسەیەت نەدەکرد، بەبڕوای من قور بەسەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە کەسی وەک بەڕێزتان لەبواری پەروەردەدا کاربکەن".
" لەپەروەردەی سەردەمدا ئایدیای نێرگەرایەتی جێگای نابێتەوە"
ڕۆژنامەنوس ئەڤین ئەحمەد لەو بارەیەوە دەڵێت: "ستۆپ ئوستاز، قسەو بۆچوونەکانت مەترسین بۆ سەر نەوەکانی ئایندە، لەپەروەردەی سەردەمدا ئایدیای نێرگەرایەتی جێگای نابێتەوە، هەموو وتنێکی دوور لەلۆژێکیش لەناو مەجلیسی پیاوان مرۆڤ ناکات بەقسەزان ودانا بەڵکو، ئاستی ڕۆشنبیری ودنیابینینی ڕاستەقینەی دەرەخات وباجی قورسیشی دەبێت وەکو دوورخستنەوەی تۆ وهاوشێوەکانت لەکەرتی پەروەردە، وەزارەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان کە ئێستا بانگەشەی پەروەردەی سەردەم دەکەن فەرموون هەڵویستی جدی بنوێنن بابزانین ئێوە تاچەند پیاوانە لەم بابەتە دەڕوانن؟".