قەدەغەکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کۆنگرەی تاڵیبان ڕەخنەی بەرفراوانی لە هیندستان لێکەوتەوە
قەدەغەکردنی بەشداریکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان ڕێکیخستبوو، شەپۆلێکی توڕەیی و شەرمەزارکردنی سیاسی و میدیایی هیندستانی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ
میدیاکانی هیندستان ڕۆژی ١١تشرینی یەکەم بڵاویانکردەوە کە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لەلایەن ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی تاڵیبانەوە لە نیودەلهی پایتەخت سازکرابوو، ڕێگرییان لێکرا، ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوانی بازنەی سیاسی و میدیایی هیندستانی لێکەوتەوە.
چالاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان بڕیاری قەدەغەکردنی بەشداریکردنی ژنانی ڕۆژنامەنووسیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەناو باڵیۆزخانەی ئەفغانستان بەڕێوەچوو، بە پێشێلکردنی ئاشکرای بەهاکانی یەکسانی و ئازادی ڕۆژنامەگەری پێناسە کرد، داوایان لە حکومەتی هیندستان کرد هەڵوێستی خۆی لەبارەی میوانداریکردنی شاندی تاڵیبان لەسەر خاکەکەی ڕوون بکاتەوە.
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف هیندستان بڵاویکردەوە، بڕیاری بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە دراوە کە یاوەری ئەمیر خان موتتاقی بوون، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی ژن بە ئەنقەست لە بانگهێشتکراوەکان دوور خراونەتەوە. ئامادەبوون لەم کۆنگرەیەدا کە ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو، تەنیا بۆ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی پیاو بوو.
کەناڵی ئێن دی تی ڤی نیوز بڵاویکردەوە، ژنە ڕۆژنامەنووسانی دەزگا میدیاییە دیارەکانی هیندستان وەک هیندستان تودەی و تایمز ناو بۆ ڕووماڵکردنی کۆنگرەکە گەشتیان کردووە بۆ باڵیۆزخانەکە، بەڵام لەلایەن کارمەندانی ئاسایشی باڵیۆزخانەوە ڕەتیانکردەوە بچنە ناو باڵیۆزخانەکەوە، ئەمەش هەنگاوێکە کە چالاکوانە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان بە سووکایەتییەکی ئاشکرا و پێشێلکردنی بەهاکانی یەکسانی و ئازادی ڕۆژنامەگەریی دەزانن.
سوهاسینی حەیدەر، ڕۆژنامەنووسی ناسراو لە ڕۆژنامەی زە هیندۆس ڕەخنەی لە حکومەتی هیندستان گرت و ئاماژەی بەوەدا کە میوانداریکردنی تاڵیبان بە فەرمی ڕێگە بە زایەندپەرستی دەدات کە لە هیندستاندا بڵاوبێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەندامی پەرلەمان پریانکا گاندی ڤادرا داوای کرد، نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە، پرسیاری ئەوەی کرد، بۆچی ڕێگە بە تاڵیبان درا سوکایەتی بە بەشێک لە ژنە بەهێزەکانی هیندستان بکات؟
دوابەدوای کاردانەوە توڕەییەکان، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان راگەیەدنراوێکی بڵاوکردەوە و پشتڕاستیکردەوە کە دەستی لە ڕێکخستنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا نەبووە.