قەدەغەکردنی جلوبەرگی ژنان؛ هەنگاوێکی دیکە بەرەو گۆشەگیرکردنی ژنانی ئەفغانستان

تاڵیبان بە سەپاندنی قەدەغەکردنی دورینی جلوبەرگی ژنان لەلایەن پیاوان درێژە بە سیاسەتە سەرکوتگەرییەکانی دژ بە ژنان دەدات، کە ئەمەش زیان بە بژێوی ژیان دەگەیەنێت، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژنان سنووردار دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

تاڵیبان بە سەپاندنی قەدەغەکردنی دورینی جلوبەرگی ژنان لەلایەن پیاوان درێژە بە سیاسەتە سەرکوتگەرییەکانی دژ بە ژنان دەدات، ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لە سیاسەتی فراوانتری تاڵیبان دژ بە مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان، سنووردارکردنی چالاکییە ئابوورییەکان، قەدەغەکردنی دامەزراندن لە زۆرێک لە کەرتەکاندا، سنووردارکردنی خوێندنی ژنانی گەنج و فشارە کۆمەڵایەتییە توندەکان، ژنانی بەرەوڕووی بێبەشییەکی بەرفراوان کردووەتەوە.

 

لە چوارچێوەی سیاسەتە ژنکوژییەکانی تاڵیبان، سەرچاوە ناوخۆییەکان لە پارێزگای قەندەهار ڕاپۆرتیان دا، کە وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری سنووردارکردنی نوێی بەسەر بەرگدوورەکانی پیاودا سەپاندووە، بەپێی ئەم بڕیارە چیتر بەرگدوورانی پیاو بۆیان نییە جلوبەرگی ئافرەژنان بدوورن.

 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکراوە، ئەندامانی ئەم وەزارەتە، ١٠ بەرگدووری پیاویان لەسەر دورینی جلوبەرگی ژنان دەستگیرکردووە، دواتریش دوای دابینکردنی مۆسۆگەری ئازادکراون.

 

هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە، کە تاڵیبان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە وریاییەوە چاودێری کارکردنی سەرجەم دوکانەکانی بەرگدووری ژنانی کردووە و ئەم سنووردارکردنە بە خێرای لە سەرانسەری شارەکەدا جێبەجێ کراوە، جگە لەوەش تاڵیبان هەڕەشەی سەپاندنی سنووردارکردنی زیاتری بەسەر ژناندا کردووە و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە قەندەهار دووپاتی کردووەتەوە، کە وەزارەتی بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری بەنیازە سنووردارکردنی زیاتر بۆ چالاکییەکانی ژنان لەم پارێزگایەدا بسەپێنێت.

 

تا ئێستا وەزارەت هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەو سنووردارکردنانە دەرنەکردووە، هەروەها ڕاپۆرتەکانی پێشووی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە بەرگدرووەکانی پیاوان دورینی جلوبەرگی ژنان بۆ قەدەغەکراون و توندوتیژی بەرامبەر ئەو کەسانە ڕوویداوە کە دژایەتی ئەو بڕیارە دەکەن.

 

قەدەغەکردنی دورینی جلوبەرگی ژنان لە بەرگدووری پیاوان نەک هەر کاریگەری لەسەر بژێوی خێزان و بەرگدوورەکان هەبووە، بەڵکو دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سادەکانی وەک داواکردنی جلوبەرگ و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی ژنان سنووردار کردووە.