پزیشکانی خولاوە لە سلێمانی گردبوونەوە
پزیشکانی خولاوە لە سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان گردبوونەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، سەرەڕای زۆری کارکردن و دوری شوێنی دەوامەکانیان موچەکانیان دواکەوتووە.

ناوەندی هەواڵ
لەکاتێکدا لەکۆتایی مانگی تشرینی دووەمداین، ٤٠ رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلوولدا تێپەڕیوە و هێشتا موچەی مانگی تشرینی یەکەم دابەشنەکراوەو چارەنووسی مووچەی مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمیش نادیارە.
ئەمڕۆ ٣٠ی تشرینی دووەم، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، پزیشکانی خولاوە لە سلێمانی گردبوونەوە و داوایان کرد کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکرێت و مووچەکانیان وەربگرن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەوان بەردەوام بەبێ پشوو لە خزمەتی کەرتی تەندروستیدا بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەکەیان وەرنەگرتووە و سەرەڕای ئەوەش سیستمی رێکخستنی دەوامیان گۆڕیوە و کاتەکانی دەوامیان بۆ زیاتر کراوە.