پزیشکانی هیندستان جارێکی تر چوونە مەیدانەکان

دەیان هەزار کەس چوونە سەر شەقامەکانی شاری کەلکەتا لە هیندستان و داوای دادپەروەری دەکەن بۆ ئەو پزیشکە ژنەی کە لە مانگی ئابدا هێرشی کرایە سەر و کوژرا.

 

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ١ی تشرینی یەکەم، دەیان هەزار کەس جارێکی دیکە لە شاری کەلکەتا لە گەورە شاری هیندستان چوونە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی بەشداری چالاکیی پزیشکان بکەن کە داوای دادپەروەری دەکەن.

 

دوای ئەوەی لە ٩ی ئاب تەرمی پزیشکێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە نەخۆشخانەی شار دۆزرایەوە، شەپۆلێکی گەورەی توڕەیی لە هیندستان دروست بوو، جارێکی تر ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە دەستدرێژی و کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی مەترسیدار بەردەوامە، دەیان هەزار کەس بۆ پشتگیریکردنی پزیشکانی مانگرتن، هەموو ئێوارەیەک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

 

چالاکییەکان کە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ڕاگیرابوون، ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە دەستیان پێکردەوە، چونکە وەڵامێکی دڵخۆشکەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوا وەرنەگیرا.

 

خۆپیشاندەران لە زۆر شوێنی شارەکەدا ئاڵای هیندستانیان هەڵکرد و ڕێپێوانیان کرد و هاواریان دەکرد 'دادپەروەریمان دەوێت'، بە وتەی ڕێکخەران زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە زیاتر لە ٦٠ گرووپی کۆمەڵگەی مەدەنی کە زۆربەیان ژن بوون، بە شێوەیەکی هێمنانە ڕێپێوانیان کردووە، چالاکوانان ڕایانگەیاند تا دادپەروەری بەدیدێت، لە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبن.