پزیشکان ئازاری دایکان و مناڵان لە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکەی کونار دەگێڕنەوە
لە کاتێکدا کە خەڵکی ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانی سروشتی یەک لە دوای یەک دەبنەوە، تاڵیبان ئازار و ئاوارەیی و خەم و پەژارەی خەڵک دەقۆزنەوە، پزیشکێک کە لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بووە، ئەو خەم و پەژارەیە ئاشکرا دەکات کە خێزانە زیانلێکەوتووەکان تووشی بوون.

بەهاران لەهیب
کونار-کارەساتی سروشتی لە دیاردە ئازاربەخشەکانە کە کۆمەڵگەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وایکردووە زۆرێک لە وڵاتان بەرەوڕووی زریان و لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە و وشکەساڵی و کەم ئاوی ببنەوە.
بەڵام ئەم ئازارە لە وڵاتانی هەژاری وەک ئەفغانستاندا زۆرترین توندی هەیە، کە هەر کارەساتێکی سروشتی هەزاران کەس دەکوژێت و بریندار دەکات، زۆرجار ژن و منداڵ و بەساڵاچووان.
ئەم ئازارە کاتێک زیاتر دەبێت کە حکومەت ئەم دەرفەتانە دەقۆزێتەوە بۆ تاڵانکردنی ملیۆنان دۆلار لە خۆراک و پێداویستییە تەندروستییەکان بەناوی دابینکردنی هاوکارییەوە، ئەگەر تاکێک یان خێزانێک ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئەوا بەرەوڕووی سەرکوتکردنی بێدەنگ دەبنەوە، لەم نێوەندەدا مافیاکانی زەوی و بەشێک کە خۆیان بە "مرۆڤ دۆست" دەزانن، ئەم کارەساتە دەقۆزنەوە، بە بیانووی ئاوەدانکردنەوە، دەست بەسەر زەوی و موڵکی خەڵکدا دەگرن، باڵەخانەی نیشتەجێبوون و شاری تایبەت بۆ خۆیان دروست دەکەن.
لە ناو ئەم کارەساتەدا تەنها دایکان و باوکان دەمێننەوە، خەبات دەکەن بۆ مانەوە و زیندوو ڕاگرتنی منداڵە بریندار و زەبرلێدراوەکانیان هەرچەندە هەندێک ڕێکخراو و دامەزراوە هەوڵیانداوە هاوکاری پێشکەش بکەن، بەڵام زۆربەیان بە پەردەی "دابەشکردنی دادپەروەرانە" ڕووبەڕووی تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان بوونەتەوە.
ماوەیەکی کەم لەمەوبەر پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بوومەلەرزەیەکی وێرانکەری لێکەوتەوە و وێرانکارییەکی بەرفراوانی بەجێهێشت، لە پارێزگای کونار، زیانەکان تەنها لە زیانەکانی ماددیدا سنووردار نەبوون؛ هەروەها زیانێکی بەرچاوی مرۆڤیش هەبووە، ئەم پارێزگایە وەک پارێزگاکانی تری ئەفغانستان بە سەرچاوەیەکی سنووردار و هەوڵی خەڵکەکەی بەڕێوەدەبرێت، کونار یەکێکە لەو شارانەی کە بەرزترین ڕێژەی "کوشتنی شەرەف" و "بەکارهێنانی ژنان وەک چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکانی خێزان"، بەڵام شانازی بە ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی خوێندەوارەوە دەکات و سەرەڕای سەرکوتکردنی دووبارە لەلایەن تاڵیبانەوە، ژنان هەر خۆڕاگرن.
نێرگس وەلید، پزیشکێک کە لەگەڵ گروپێکی پزیشکی سەردانی شوێنی کارەساتەکەی کردووە، وتت: دایکەکان تەنها لە دەرەوە بریندار نەبوون، لە ناوەوەش بریندار بوون، هەریەکەیان سێ یان چوار منداڵیان لەدەستداوە.
"شایەتحاڵی بە ئازار لە بوومەلەرزەی کۆنارەوە"
نێرگس وەلید چیرۆکی دایکێک دەگێڕێتەوە، وتی: دایکێک کە هەشت منداڵی لەدەستدابوو هاتە لام، برینێکی قووڵی لەسەر قاچی هەبوو کە تووشی هەوکردن بوو، کاتێک پێم وت پاککردنەوەی برینەکە ئازاری دەبێت، بە دڵتەنگییەوە زەردەخەنەی کرد و وتی ئازاری قاچم هیچ نییە بە بەراورد بە ئازاری لەدەستدانی منداڵەکانم.
منداڵە بچووکەکەی کە تەمەنی یەک ساڵانە، ماوەیەک لە ژێر داروپەردوودا، بە زیندووی ماوەتەوە و بۆ یارمەتی دەگریا، بەڵام هەمووان سەرقاڵی ڕزگارکردنی کەسانی دیکە بوون، بەهۆی دوا کەوتن لە ڕزگارکردنی گیانی لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئێمە یەکەم گروپی پزیشکی ژن بووین کە گەیشتینە ئەو ناوچەیە، بەهۆی کولتووری پیاوان و ئەو سنووردارکردنانەی تاڵیبان سەپاندوویانە، ژنان داوای یارمەتی لە پزیشکی پیاو ناکەن، بۆیە بە باوەشی کراوە پێشوازیمان لێکرا.
هەروەها چیرۆکی هاجەرە، کچێکی ١٠ ساڵانی گێڕاوەتەوە کە باوک و دایک و برا و خوشکی لەدەستداوە، کە بەردەوام دەگریا و دەیوت: من لەگەڵ خۆتدا ببە، هەروەها هەموو شەوێک خەون بە خێزانەکەیەوە دەبینێت، لە خەویدا داوای لێدەکەن ڕزگاریان بکات، جگە لەوەش لەگەڵ هەر بومەلەرزەیەکی زەویدا منداڵەکان لە ترسدا هاوار دەکەن.
هەروەها نێرگس وەلید چیرۆکێکی تری بە ئازاری گێڕایەوە، وتی: ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵانم ناسی کە بەزەحمەت دەیتوانی قسە بکات و ئاماژەم بە سنگی کرد، پێم وابوو حاڵەتێکی دڵی هەیە، بۆیە لێم پرسی ئایا پێشتر هەستت بەم جۆرە کردووە، ئەویش هاواری کرد، وتی: دوو کچەکەم کە هەریەکەیان چوار منداڵیان هەبووە، هاوژینی کوڕەکەم و نەوەکانم، هەموویان مردوون، هەموویانم لەگەڵ کوڕەکەم لەیەک گۆڕدا بە خاک سپارد، بۆچی هێشتا لە ژیاندام و ئەم هەموو خەم و پەژارەم هەڵگرتووە؟
وتی: ڕووبەڕووی چەندین چیرۆکی ئازاربەخش بوومەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەڕامەوە، بەڵام ناتوانم هیچیان لەبیر بکەم، لە کاتێکدا خەڵک لە شۆک و خەمباریدا دەژیان، تاڵیبان تەنها سەرقاڵی ئەوەبوو بزانێت هەر لایەک چی هێناوە بۆ ئەوەی بەناوی خۆیەوە دەستی بەسەردا بگرێت، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو پیاوێکی بینی کە بڕیار بوو شەوی بوومەلەرزەکە ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی بگێڕێت، بەڵام هاوژینەکەی لە ژێر داروپەردووەکاندا گیانی لەدەستدا، پیاوەکە شەو و ڕۆژ لە تەنیشت گۆڕەکەی دانیشتبوو.
کارەساتی کونار تەنها یەک نمونەیە لە زنجیرەیەک کارەساتی دووبارەبووەوە لە ئەفغانستان، کە بەهۆی لێکتێگەیشتنی کارەساتە سروشتییەکان و گەندەڵی ئیداری و حوکمی پاوانخوازانە توندتر دەبنەوە، لە کاتێکدا، خەڵک هەوڵ دەدەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانی خۆیان و ساڕێژکردنی برینەکانیان بکەن، چەوساندنەوەی تاڵیبان بۆ قەیرانەکە زیاتر دەبێت.
سەرەڕای ئەم هەموو ئازارە، خۆڕاگری ژنان و پیاوانی ئەفغانستان جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە هیوا بۆ ژیان لە دڵی ئەم خاکەدا دەژی.