پیاوێکی عێراقی دوای کوشتنی سێ ژن لە خێزانەکەیدا، کۆتایی بەژیانی خۆی دەهێنێت
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی باسی لە کۆمەڵکوژیی سێ ژنی هەمان خێزان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەشێک لە کەسوکاری قوربانییەکان باسیان لەوەکردووە کە کێشەی خێزانی لە نێوان ئەندامانی خێزاندا هەیە و دووپاتیشی کردەوە کە پۆلیس خەریکی لێکۆڵینەوە و هەوڵدانە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ڕووداوەکە.

غوفران ئەلڕازی
بەغدا- ١٨ی مانگ لە عێراق پیاوێک پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، کچە ٢٠ ساڵانەکەی، هاوژین و دایکی خۆی دەکوژێت، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە هێزە ئەمنییەکانی جوڵاند و بۆ دەرخستنی راستی ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە دەکەن.
ئاژانسی نوژنها بەدوای ڕاستی بابەتەکەدا گەڕا، سەرچاوەیەکی تایبەت لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق پێی ڕاگەیاندین کە بەهۆی تەواونەبوونی لێکۆڵینەوەکان زانیاری زۆر کەم لەسەر ڕوداوە تراژیدییەکە هەیە، بە وتەی سەرچاوەکە، تاوانەکە بەبێ دەنگ ئەنجامدراوە بێ ئەوەی دراوسێکان ئاگادار بن، تاوانێکی پلان بۆداڕێژراو بووە لە نێوان کوشتنی سێ ژنەکە و خۆیدا کاتێکی کەمی پێچووە، لە لێکۆڵینەوەکانیشدا هیچ ڕەفتارێکی نامۆی بکوژەکە دەرنەکەوتووە کەپێشتر ئەنجامی دابێت.
کەسوکاری کوژراوەکانیش باسیان لەوەکردووە کە کێشەی خێزانی هەبووە.
پێش کوژرانی ڤیدیۆ و وێنەی بڵاوکردووەتەوە
تیبا خەفاچی، یەکێک لەو ژنانەیە کە کۆمەڵکوژ کراوە، چەند ڕۆژێک پێش کوشتنەکەی وتار و ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و باسی لە توندوتیژی و ڕق و کینەی کۆمەڵگا لە دژی ژنان کردووە، وتار و ڤیدیۆکە لەلایەن پارێزەرانی مافی مرۆڤەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.
عێراق لەم ساڵانەی دواییدا چەندین کۆمەڵکوژی و توندوتیژی بەرامبەر ژنانی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە مردنی سێ ژنە لە یەک خێزاندا، کە سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانانە لەلایەن کۆمەڵگاوە، بەڵام یاساکان لە سزاگەیاندن بە تاوانباران شەرم دەکات و هەندێک دۆسیەش بەبێ ئەوەی چارەنووسی تاوانکارەکە بزانرێت، لەبیر دەچنەوە.
"لە عێراق کوشتن و توندوتیژی زۆر لە دژی ژنان هەیە"
جیهان ئەلتائیر، چالاکوانی مافەکانی ژنان ئاماژەی بەوەدا ڕووداوەکانی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان بە یاسایی پەسەند ناکرێت و وتی: "ئێمە ئیدانەی ئەو ڕووداوانە دەکەین و ڕاشیدەگەیەنین کە چەندین ڕووداوی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان دەگاتە ڕاگەیاندنەکان و قسەی لەسەر بکرێت، دوای چەند ڕۆژێک لەبیردەکرێت، یاساکان ناتوانن بکوژەکان تاوانبار بکەن، لەسەر دۆسیەی شەرەف کەیسەکانیش دادەخرێن".
ت.پ