پەیامی ژنان بۆ تاڵیبان: حکومەتە گەندەڵەکەت بە هێزی ئێمە لەناو دەچێت

پەیامی ژنان بۆ تاڵیبان کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەموو جۆرە دڕندەیەکی دژ بە ژنان و منداڵانی کچ لە ئەفغانستان ئەنجام دەدەن، ئەمەیە: حکومەتە گەندەڵەکەت بە هێزی ژنان لەناو دەچێت.

بەهاران لاهیب

 

کابول-تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ دەست بەسەر ئەفغانستاندا گرت و سیاسەتی ستەمکاری لە دژی گەل و بەتایبەتی دژی ژنان جێبەجێ کرد، ئەو ژنانەی لە بەرامبەر زوڵمی تاڵیبان دەستیان لە تێکۆشان بەرنەدا، درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.

 

ئەو ژنانەی دژی تاڵیبان تێدەکۆشن وتیان: پێویستە شەڕی تاڵیبان زیاتر بکرێت، هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێین.

 

"ژنان خراونەتە ژێر فشارەوە"

خەدیجە غەرزانگ کە دژی تاڵیبان تێدەکۆشێت وتی: سێ ساڵە وەک ژن لە تاریکیدا دەژین، ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانیان زەوت کران، ژنان لە کار و خوێندن دوورخرانەوە و خراونەتە ژێر فشارەوە ئەو ژنانەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەگیرێن، تووشی ئەشکەنجە و دەستدرێژی دەبنەوە، توندوتیژی زۆر بەرامبەر بە ژنان لە شار و گوندەکاندا هەیە، ئەمە تەنها فشارێک نییە بۆ سەر ژنان، پیاوانیش فشاریان لەسەرە بەڵام بەڕادەی ژنان نا، ژنان لە ژیانی کار دوور خرانەوە، بەڵام ئەوانەی بەردەوام بوون لە کارکردن، مووچەیان بۆ ٥ هەزار ئەفغانی کەمکرایەوە، بەمەش ناتوانن داهاتی خۆیان بەدەست بهێنن و پێداویستییەکانی خێزانێک دابین ناکرێت.

 

"بۆ ئەوەی ببینە خاوەن ئەفغانستانێکی ئازاد تێدەکۆشین"

 خەدیجە غەرزانگ باسی لەوەشکرد، ژنە ئازاکانی ئەفغانستان خەباتیان ڕانەگرت و وتی: ژنان سەرەڕای فشارەکان چوونە مەیدان و داکۆکیان لە مافەکانیان کرد و بە بێدەنگی دانەنیشتن، بۆ ئەوەی ئەفغانستانێکی ئازادمان هەبێت تێدەکۆشین.

 "خوێندکارانی نێریش پشتگیریان کردین"

مەنیژە سەفی، خوێندکاری زانکۆی نانگەرا، وتی: دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست، هەموو ئەو کارانەی کە دەمکرد وەستان، نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم, تاڵیبان دەرگای چوونە ژوورەوەی زانکۆی بۆ ژنان داخست، هەنگاوێکمان بۆ دواوە نەبرد، چووینە خوارەوە بۆ مەیدان و ناڕەزایەتیەکانمان بەرزکردەوە، خوێندکارانی نێریش پشتگیریان کردین،  دروشمی "یان هەموومان دەخوێنینەوە یان هیچ کاممان ناخوێنینەوە"مان بەرزکردەوە، بەڵام بەداخەوە دوای ماوەیەک چالاکییەکە بەردەوام نەبوو.

 

"پەیامی من بۆ ژنان: هەرگیز هەنگاوێک بۆ دواوە نەنێن"

 مەنیژە سەفی ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک هەنگاوێکیان بۆ دواوە نەناوە و بانگەوازی بۆ ژنان کردو وتی: بەردەوام بووم لە پێدانی پەروەردە، دەمەوێت زیاتر هەوڵبدەم و زیاتر کاربکەم بۆ سەرکەوتن، پەیامی من بۆ هەموو ژنان ئەمەیە؛ هەرگیز هەنگاوێک بۆ دواوە مەنێن، ئەگەر دەرگایەک بەڕووتدا داخراوە، ڕێگای جیاواز و دەرفەتی جیاواز بەکاربهێنە، خوێندنەکەت بە شێوەیەکی دروست بەدەست بهێنە و بە شێوەیەکی پیشەیی پەرە بە خۆت بدە.

"حکومەتی گەندەڵ بە هێزی ژنان لەناو دەچێت"

 بڕیاربوو ئەمساڵ ڕابیعە شیرزاد لە پۆلی نۆی بنەڕەتی بخوێنێت، بەڵام بەهۆی ئاستەنگەکانی تاڵیبانەوە درێژە بە خوێندنی نەدا و وتی: پێشتر هونەری فۆتۆگرافیم گرتۆتە ئەستۆ و لە قوتابخانە بە شێوەی ئۆنلاین درێژە بە خوێندن دەدەم، ڕادەستی تاڵیبانی نەزان و دژە زانست نابین، تاڵیبان لە ژنان دەترسێت و بەهۆی ئەوەوە زۆرترین فشار لەسەر ژنان دروست دەکات، حکومەتە ڕزیوەکەیان بە دەستی ژنانی بەهێزی ئەفغانستان لەناو دەچێت.