پەیامی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گەیەندرایە نێچیرڤان بارزانی
ئەمڕۆ لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەو پشتیوانی بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپاتکرایەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250217-chan-jpg51940e-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ١٧ی شوبات، لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەو دوای کۆبوونەوەکە، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، لە بارەی کۆبووەنەوەکەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد.
کەسکین بایندر ئاماژەی بەوەدا، وەک شاندەکە لەگەڵ بەرێز نێچیرڤان بارزانی کۆبووینەوە و کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و برایەتییمان ئەنجامدا و بەڕێزیان بە گەرمی پێشوازی لێمان کرد و هەڵوێستێکی نەتەوەیی و برایەتی نیشاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبووەنەوەکەدا سڵاو و پەیامی بەرێز ئۆجالانمان گەیاند بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و لای خۆشیانەوە سەرۆکی هەرێمیش پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەکە دووپاتکردەوە.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا بایندر وتیشی: تا ئێستا هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکان زۆر باش بووە و پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەکە دەربڕیوە و ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان.
شاندی ئیمرالی دەم پارتی لە ١٥ی شووبات گەیشتە باشووری کوردستان و دوێنێ لە پیرمامی هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پەدەکە كۆبوەوە، ئەمڕۆش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کاربەڕێکەری هەرێـم کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، بڕیاریشە پاش کەمێکی دیکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی هەولێریان لە دیوانی پارێزگای هەولێر ئەنجام بدەن، دواتر شاندەکە ڕوودەکەنە سلێمانی و سبەینێ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.