پەیامنێری نوژنها و ١٥ ڕاگەیاندنکار خەڵاتی ٨ی ئاداریان پێبەخشرا
بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، گروپی هونەری کوردستان خەڵاتی ١٦ ڕاگەیاندنکاری ژنی کرد و لە نێویاندا پەیامنێری ئاژانسی نوژنها خەڵاتی پێشکەشکرا.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل داوا لە شاری سلێمانی، گروپی هونەری کوردستان بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە مەراسیمێکدا خەڵاتی ١٦ ژنی ڕاگەیاندنکاریان کرد لە پای هەوڵ و ماندوو بوونیان لە ڕوماڵکردن و کارکردن لەسەر پرسەکانی ڕۆژ.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی پاکڕەوان دەستیپێکرد، دواتر دانا دارا، سەرۆکی گروپی هونەری کورستان باسی لەوەکرد ژنانی ڕاگەیاندنکار توانیویانە ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان هەبێت لە ڕوماڵکردنی بابەتە هەستیارەکان و پرسەکانی ڕۆژدا.
پاشان خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە ١٦ راگەیاندنکاری ژن کە پەیامنێر و پێشکەشکار بوون، شنیار بایز، پەیامنێری ئاژانسی نوژنها یەکێک بوو لەو کەسانەی لەلایەن گروپی هونەری کوردستانەوە خەڵاتی پێبەخشرا.
تەرزە عومەر، پێشکەشکار لە کەناڵی کوردسات، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا، کە خەڵاتکردن و پێزانین بۆ کاری ژنان وەها دەکات زیاتر هەوڵبدەیت و بەرەوپێش بچین، "ئەم خەڵاتە جێی شانازییە بۆمان، چونکە توانای ژنان بەرز نرخاوە".
شنیار بایز، پەیامنێری ئاژانسی نوژنها، باسی لەوەکرد کە وەک ئاژانسی نوژنها خەڵاتیان پێبەخشراوە و وتی: دڵخۆشم بەناوی ئاژانسێکەوە خەڵاتم پێبەخشراوە کە خزمەت بە ژنان دەکات و لەپێناو دەرخستنی توانا و تێکۆشانی ژنان هەوڵدەدات، بۆیە پاڵپشتی کردنی ژنانی ڕاگەیاندنکار گرنگە تا تواناکانیان زیاتر بەدەربخەن".
گروپی هونەری کوردستان ماوەی سێ ساڵە دامەزراوە و لە بواری هونەری و بە تایبەت شێوەکاریدا کاردەکات، ساڵانە چالاکییەکان لە بواری کەرتی تەندروستی و پەروەردە و بوارە جیاوازەکانیاندا پێشەنگا دەکەنەوە، ئەمساڵیش بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە ١٦ ڕاگەیاندنکاری ژنیان هەڵبژارد تا خەڵاتیان پێشکەش بکەن.
ت.پ