پەیامێک بۆ ژنان لە فۆزا یوسفەوە: دەتوانین هەموو ئاستەنگەکان لاببەین
فۆزا یوسف،ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەیەدە پەیامێکی بۆ ڕێپێوانی "بە هیواوە بەرەو ئازادی ڕێپێوان دەکەین" ناردو ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربکەوێت، پێویستە سیستمی ئیمراڵی هەڵبوەشێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجێکی ئازاددا سیاسەت بەڕێوەببات.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١ی تشرینی یەکەم، تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" لە ئامەدەوە بۆ ئەنقەرە بە دروشمی "بە ئومێدەوە بەرەو ئازادی ڕێپێوان دەکەین" ڕێپێوانی دەستیپێکردو داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.
ڕێپێوانەکە کە ئێستا لە ڕۆژی دووەمدایە، ئەمڕۆ بەرەو ئەدەنە دەڕوات.
فۆزا یوسف، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" پەیامێکی پشتیوانی بۆ ڕێپێوانەکە نارد.
پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
بە ناوی هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سڵاوی گەرم و خۆشەویستی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو ژنانە دەکەم کە بەشداری ئەم ڕێپێوانە شەرەفمەندانە دەکەن، ئەو ژنانەی داوای ئازادی دەکەن، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەیەکی مێژوویی لە تورکیا دەستپێکردووە، ئامانجی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەناوی گەلان و ژنانەوە، ئێمە پێمان وایە ئەمە کلیلی بوژانەوەیەکی نوێیە نەک تەنها بۆ باکوور، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێشەکانی ناوەڕۆکیان چارەسەر دەکات، بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، پێویستە سیستمی ئیمرالی هەڵبوەشێنرێتەوە و ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی ئازاددا سیاسەت بەڕێوە ببات. بۆیە ئێمە دەنگی خۆمان لەگەڵ دەنگی ئێوەدا دەبەستینەوە و دەڵێین: کاتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە. بە ئیرادەی ژنان دەتوانین هەموو ئاستەنگەکان نەهێڵین. بژی خەباتی هاوبەشی ژنان. بژی شۆڕشی ئێمە "ژن، ژیان، ئازادی".