"پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس پارێزراو بن"

لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ئیدانەی بە ئامانج کردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین دەکات و داوا دەکات ژنانی ڕۆژنامەنووس لەهەموو وڵاتانەوە دەنگیان یەکبخەن.

 

ناوەندی هەواڵ

 

لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی بە ئامانج کردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین دەکات.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

وەک لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن - IAWRT، ئیدانەی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن دەکەین کە ڕۆژی ٢٣-٨-٢٠٢٤ لە شاری سلێمانی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج.

 

هەردوو ڕۆژنامەنووس، هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا ماوەی چەندین ساڵە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکەن و بوونەتە گەیاندنی دەنگی ئازاد.

 

هێرش و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان کارێکی تەواو ترسنۆکانەیەو پێویستە ژنانی ڕۆژنامەنووس پاریزاو بن، داوا دەکەین ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەموو وڵاتانەوە بۆ پاراستنی یەکدی دەنگیان یەکبخەن.

 

لقی عێراقی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی ژنان لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن- IAWRT