"پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی گونجاو لە دژی تاڵیبان بگرێتەبەر"

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ مافەکانی مرۆڤ و کاروباری ژنان لە ئەفغانستان دەڵێن: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی گونجاو لە دژی تاڵیبان بگرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

دووەمین کۆبوونەوەی ژنانی ئەفغانستان لە مەدرید لەژێر ناوی “گوێمان لێبگرە” لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا بەڕێوەچوو و تێیدا ٥٠ کەسایەتی سیاسی و چالاکوانی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستانەوە ئامادەی بوون. هەروەها نوێنەرانی چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوایی لەوانە ئەمریکا و ئوسترالیا ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

 

خۆزێ مانوێل ئەلباریس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا و ڕینا ئەمیری، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ مافەکانی مرۆڤ و کاروباری ژنان لە ئەفغانستان لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی گەورەی ژنانی ئەفغانستان لە مەدرید كۆبونەوە و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا پشتیوانی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاڵیبان دووپات دەكاتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئیسپانیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە لێپرسینەوە لە پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراندنی دەزگایەكی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی ئەفغانستان.

 

هاوکات ڕینا ئەمیری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ مافەکانی مرۆڤ و کاروباری ژنان لە ئەفغانستان باسی لە ناکۆکی نێوان قسە و کردەوەی تاڵیبان کرد و وتی: لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ تاڵیبان، نوێنەرانی وڵاتان کێشەی ژنان دەخەنەڕوو، بەڵام تاڵیبان تەنیا تێبینی دەنووسێت و پاشان پشتگوێی دەخەن، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی سێ ساڵ و ٦ مانگی ڕابردوودا بۆ باشترکردنی دۆخی ژنانی ئەفغانستان کاریگەر نەبووە و دۆخەکە خراپتر بووە.