"پێویستە هەموو ژنان بۆ ئازادی وریشە بوەستن"
ژنانی ئێزیدی کاردانەوەیان بەرامبەر بە بڕیاری ئێران بۆ لەسێدارەدانی وریشە مورادی دەربڕی و داوایان لە هەموو ژنان کرد بۆ ئازادی وریشە مورادی بوەستنەوە.
نوژین ئێزیدی
شەنگال- ڕژێمی ئێران بە تۆمەتی 'ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی چەکداری دژ بە ئێران' سزای لەسێدارەدانی بەسەر وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کوردو ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەپاند، دوای ئەو بڕیارە، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان کاردانەوەیان بەرامبەر بە بڕیاری لەسێدارە لەلایەن ئێران نیشان دا و داوایان کرد ژنان خاوەندارێتی بکەن و خەباتی خۆیان زیاتر بکەن.
ژنانی ئێزیدی بڕیاری لەسێدارەدانیان شەرمەزار کرد و داوایان کرد ئێران دەستبەجێ بڕیارەکەی بکشێنێتەوە.
"با ژنان یارمەتی ژنان بدەن"
دەلال ڕەڤۆ، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری سنونێ، لە سەرەتای قسەکانیدا سزای لەسێدارەدانی سەر وریشە مورادی، کە لە پێناو ئازادی، مافەکانی ژنان و کۆمەڵگەدا خەباتی کردووە، شەرمەزار کرد و وتی: ئێران فەرمانی لەسێدارەدانی هەموو ئەو ژنانە دەدات کە بۆ ئازادی خەبات دەکەن، باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، مافی ژنان دەپارێزن، لە هیچ شوێنێکی دونیادا پیاوان ئەو شتانە نابینن کە ژن دەیبینێت و درکی پێدەکات، بەڵکو ژن هەست بە ئازارەکانی یەکتر دەکەن و دەیبنن، لە هەموو شوێنێک ژنان بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن و بۆ مافەکانیان تێدەکۆشن دژی ستەم دەجەنگن، ئێمەش وەک ژنانی ئێزیدی بەو فەرمان و ئەو ئازارەدا تێپەڕین کە ژنان دەیزانن، دەزانین ئەگەر ژنێک یارمەتی ژنێک نەدات، کەس یارمەتی ژن نادات، داوا لە هەموو ژنان دەکەین دژی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادیدا بوەستنەوە و داوای ئازادی بکەن.
"پیاوان نایانەوێت ژنان پێشبکەون"
ڤەژین ئارگێش، ئەندامی یەکێتی گەنجانی ئێزیدخان ڕایگەیاند، دەوڵەتی ئێران زۆرێک لە ژنە تێکۆشەرەکانی لەسێدارە داوەو وتی: بانگەوازی من بۆ هەموو ژنان ئەمەیە: ئەم سزای لەسێدارەدانە قبوڵ مەکەن، ئازاری ژنیش هەر وەک خۆیەتی و ئەگەر ژن خۆی ڕزگار نەکات کەس ناتوانێت ڕزگاریان بکات، تەنها ژنان دەتوانن ژن ڕزگار بکەن، لە لایەکی دیکەوە نەک تەنیا لە ئێران، لە هەموو شوێنێک ئەو ژنانەی کە بۆ ئازادی خەبات دەکەن، یان لە لایەن بنەماڵەوە یان لە لایەن دەوڵەتەوە تووشی فشار دەبن، پیاوان نایانەوێت ژنان بە هیچ شێوەیەک پێشبکەون، داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین ئەم سزایەی لەسێدارەدان لەسەر وریشە مورادی قبوڵ نەکەن.
"ژنانی ئێزیدی ئێستا پێشەنگی کۆمەڵگە و شۆڕشن"
ڕۆژنامەنووس بێریڤان چیا، وتی: وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی شەنگال، بڕیارەکەی ئێران شەرمەزار دەکەین، نەک هەر لە ئێران، لە هەر شوێنێکدا، پیاوی دەوڵەت فەرمانی لە سێدارەدانی دەرکردووە و هتد. ناتوانن بگەنە ئامانجەکەیان، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ ژنان ڕاوەستاون، بۆ خۆیان وەستاون و کارەکانیان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندایە، ئێمە دەبینین کە ژنان لە کوێدا کاتێک بۆ ئازادی خۆیان یان بۆ ئازادی کۆمەڵگاکەیان دەوەستنەوە، تووشی فشاری بنەماڵەیی دەبن یان تووشی فشار و هێرشی دەوڵەتی پیاوانە دەبن، هەر بۆیە بانگەوازی هەموو ژنانی جیهان دەکەین و پێیان دەڵێین هەستن و ئەو سزای لەسێدارەدانە قبوڵ نەکەن کەبەسەر وریشە مورادی سەپێندراوە، تەنها وریشە مورادی نا بەڵکو لەسەر هیچ ژنێکی قبوڵ مەکەن، کاتێک ژن دەیەوێت شتێک بۆ خۆی بکات، هەمیشە یان لەلایەن بنەماڵەوە یان لەلایەن دەوڵەتەوە چەوسێنراوەتەوە، بۆ نمونە ژنانی ئێزیدی ١٠ ساڵ لەمەوبەر نەیاندەتوانی هیچ بۆخۆیان بکەن، بەڵام ئێستا پێشەنگی کۆمەڵگەکەیان و شۆڕشن، ژن چیتر ژنی ڕابردوو نین، ئێستا زانایە، دەوڵەت و پیاوان چەند هێرش و فشار بکەن، چیتر ناتوانن هێرش بکەنە سەر ژنان.
وریشە مورادی ڕۆژی ١ی ئابی ساڵی ٢٠٢٣ لە نزیک شاری سنە لە لایەن پاسەوانانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای ٥ مانگ لێپرسینەوە لە ناوەندی ئیتلاعات گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەڤین لە تاران.