"پێویستە گەنجان پێشەنگی گۆڕانکاری بن"
ئەنجومەنی گەنجانی سووریای دیموکراتیک هەڵمەتێکی نوێی بۆ بەهێزکردنی گەنجان لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەستپێکرد، سارا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجان داوای بەشداری لە هەڵمەتەکەدا کرد و ڕایگەیاند، پێویستە گەنجان پێشەنگی گۆڕانکاری بن.
دەلال ڕەمەزان
حەسەکە-ئەنجومەنی گەنجانی سووریای دیموکراتیک هەڵمەتێکی نوێی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی گەنجان لە پرۆسەی سیاسیدا قسەیان هەبێت و بەشداری لە میکانیزمەکانی بڕیاردان بکەن.
سەبارەت بە هەڵمەتەکە، سارا حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی گەنجانی سووریای دیموکراتیک، قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: قەیران و ململانێی سووریا بەتایبەت بۆ گەنجان و بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگە بە مانای دەسەلاتداری پاوانخوازانە، ململانێی تایەفی، هەژاری و دوورخستنەوەیە، قەیرانەکە ڕێگە نادات گەنجان مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بەکاربهێنن، بۆیان نییە بەشداری سیاسەت بکەن.
سارا حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت هەڵمەتەکانی گەنجان لە بواری سیاسیدا پتەوتر بکەن و وتی: ئامانجمان بەهێزکردنی گەنجانە چونکە گەنجان هەوێنی گۆڕانکاری دیموکراسییە.
"دەمانەوێت گەنجان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن"
سارا حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ململانێکانی سووریاوە بەشداری گەنجان لە گۆڕەپانی سیاسیدا ڕێگری لێ کراوە و دەرفەتیش نەدراوە بە گەنجان بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان و وتی: ئامانجمان لەم هەڵمەتە ڕێکخستنی گەنجەکانە، پەروەردەیان دەکەین، مافەکانیان دەناسێنین، دەمانەوێت گەنجان ڕۆڵی پێشەنگ لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، هەڵمەتەکە تەنها بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، بەڵکو گروپەکانی گەنجانی سەرتاسەری سووریاش دەکاتە ئامانج، هەڵمەتەکە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت.
بانگەوازی بۆ ژنانی گەنج
سارا حەسەن بە تایبەت بۆ ژنە گەنجەکان، تیشکی خستەسەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و داوای لە ژنە گەنجەکان کرد بچنە ناو تەڤگەری دژی داگیرکارییەوەو داوای بەشداری لە هەڵمەتەکەدا کرد و ڕایگەیاند، گەنجان دەبێت پێشەنگی گۆڕانکاری بن.