ڕێپێوانی "بەهیواوە بەرەو ئازادیی ڕێپێوان دەکەین" دەستیپێکرد
ڕێپێوانی 'بەهیواوە بەرەو ئازادیی ڕێپێوان دەکەین' بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" لە ئامەدەوە بەرەو ئەنقەرە، دەستیپێکرد.

ئامەد
ڕێپێوانی ژنان کە هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" چیدەم کلیچگون ئوچار، سەباحەت تونجەل، ئایلا ئاکات ئاتا و هاوسەرۆکانی شارەوانی و سەدان ژنی دەگرتەخۆ، لە بەردەم بینای دەم پارتی لە ئامەد دەستیپێکرد. سەرەڕای گەمارۆی پۆلیس، ژنان بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" ڕێپێوانیان دەستپێکرد.
ژنان بە چەپڵە و هەلهەلە و درووشم، گەیشتنە وێستگەی چەشمنەی غازیلەر، بۆ ماوەیەک بەدەم دەهۆڵ و زوڕناوە هەڵپەڕکێ کرا.
ئاشتی بژاردە نییە، ناچارییە
سەباحەت تونجەل، چالاکوانی تەژەئا، لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و تیشکی خستەسەر قوربانیدانی ژنان بۆ ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی، وتی: "تێکۆشانی ئاشتی بۆ ئێمە بژاردەیەک نییە، بەڵکوو ناچارییە. ئێمە دەتوانین لەنێو ژینگەیەکی ئاشتییانەدا، زمان و کەلتوورمان بنیات بنێین. دەسەڵات گوێ بەم داوایەمان نادات. سەد ساڵە کورد لەم وڵاتە داوای ئاشتی دەکەن. بەداخەوە، تا ئێستە وەڵامێکی واتاداری نەدراوەتەوە.
سەباحەت تونجەل تیشکی خستەسەر کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان و ڕایگەیاند دەبێت گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ بگرێت، گوتی: "تاوەکو گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ نەگیرێت، ئاشتی بەدی نایەت، لایەنێکی نەیاری پرۆسەی ئاشتی هەیە، بەڵام لایەنی کورد نییە، بەڵکوو لایەنی دەوڵەتە.
'گۆشەگیری سەر ئۆجالان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی'
سەباحەت تونجەل جەختی کردەوە، هێشتا سیاسەتی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بەردەوامە و وتی: ئەم گۆشەگیرییە، گۆشەگیرکردنی ئاشتییە. بۆیە بەرەو ئەنقەرە ڕێپێوان دەکەین. لە ئەنقەرە دەڵێین 'ئازادیی بەڕێز ئۆجالان، ئازادیی گەلە'. بەڕێز ئۆجالان لە دیدارەکەیدا گوتی 'ئازادیی من لە ئازادیی گەلدایە، تەنها ئازادیی خۆم مەبەست نییە'. بەڕێز ئۆجالان ئازادیی خۆی لە ئازادیی گەلی کورددا دەبینێت. ئێمەی کورد و ژنانی کوردیش، ئازادیی خۆمان لە ئازادیی بەڕێز ئۆجالاندا دەبینینەوە. ئەمە مەرج نییە، پێویستییە. تا بەڕێز ئۆجالان ئازاد نەبێت، ئاشتییەکی ڕاستەقینە بەدی نایەت. ئێمە خوازیاری ئاشتیین.
'ڕێپێوانی ئازادی بەردەوام دەبێت'
سەباحەت تونجەل جەختی کردەوە، گەلی کورد ٥٠ ساڵە بۆ ئازادیی تێدەکۆشێت و ئەم ڕێپێوانەی گەلی کورد بۆ ئازادیی بەردەوام دەبێت، وتی: لە ئامەدەوە بۆ ئەنقەرە، ئێمە پردی ئاشتی بنیات دەنێین. ڕێپێوانی ئازادییمان ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت.
پاشان ژنان ڕوویانکردە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبیلەکان تاوەکو بەڕێ بکەون.