ڕێپێوان لە ڕۆژی هەشتەمدا لە دۆڵی زاپ بەردەوامە
ڕێپێوانی "ڕێزگرتن لە ئیرادە" لە ڕۆژی هەشتەمدا لە دۆڵی زاپ بەردەوامە، لە ڕاگەیاندنی ڕێپێوانەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە هۆکاری هەموو کێشەکان گۆشەگیرییە، و پێویستە دەستبەجێ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت.
وان
لە ٣ی حوزەیران، قەیوم لە شوێنی کاندیدی دەرچووی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" لە شارەوانی جولمەێرگ داندرا، دژی دانانی قەیوم ڕێپێوانی " ڕێزگرتن لە ئیرادە" دەستیپێکرد و لە ڕۆژی هەشتەمدا ڕێپێوانەکە بەردەوامە، ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد، بە دروشمی "جولەمێرگ هی ئێمەیە" لە ئەرزینکێی دۆڵی زاپ لێدوانێکیان دا.
بانگەوازێک بۆ گەلی جولەمێرگ کرا
هەروەها کەسکین بایندیر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە" ئامادەی ڕاگەیاندنەکە بوو، مەحمود دیندار پەرلەمانتاری دەم پارتی وتی: زیاتر لە هەفتەیەکە دژی پێشێلکردنی ئیرادەی گەلەکەمان لەسەر شەقامەکان بووین، چ لە کوردستان و چ لە تورکیا چالاکیی دژ بە پێشێلکردنی ئیرادەی گەلەکەمان بەردەوامە، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن تا کۆتایی بەم خراپ بەکارهێنانی ئیرادەیە و سنووردارکردنەکان دەکشێندرێنەوە، ئێمە زۆر باش دەزانین کە هەموو ئەم کێشانە ڕەگ و ڕیشەی لە گۆشەگیریدا هەیە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەم کێشەیە بهێندرێت، دەبێت گۆشەگیری لاببرێت، پێویستە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان لەسەر مێز دابنیشین و دەست بە دیالۆگ بکەین، هیچ چارەسەرێکی تر نییە، بۆیە داوا لە گەلی جولەمێرگ دەکەین کە ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن و پێشوازی لە ڕێپێوانکەران بکەن.
دوای ڕاگەیاندنەکە دەستیان بە ڕێپێوان کرد
دوای ڕاگەیاندنەکە ڕێپێوانکەران بە گۆرانی لە دۆڵی زاپ دەستیان بە ڕێپێوان کرد، لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "بژی بەرخۆدانی جولەمێرگ" و "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان" بەرزکرانەوە.